لە پارێزگای دهۆکەوە
دهۆک نزیکەی 225 هەزار تۆن بەرهەمی خوماڵی رەوانەی پارێزگاکانی عێراق کردووە
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
ئەمساڵ زیاتر لە 224 هەزار و 730 تۆن بەرهەمی خۆماڵی لە پارێزگای دهۆکەوە رەوانەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کراوە و بەراورد بە ساڵانی رابردوو دوو هێندە زیادی کردووە.
ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک بە 964ـی وت، “لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 224 هەزار و 739 تۆن بەرهەمی خوماڵی بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق نێردراوە و رێژەکە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، دوو هێندە زیادی کردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بەرزیی کوالێتی، بەروبوومی جوتیارەکانیان خواستی زۆری لەسەرە و بەرهەمەکانیان بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگوازرێنەوە بە بێ جیاوازی.
“زیادبوونی رێژەی هەناردە کردن، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی جوتیاران رووبەرێکی فراوان لەو بەروبوومانە بچێنن کە خواستیان لەسەرە”، ئەحمەد جەمیل وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، پەتاتە، تەماتە، پیاز، خەیار و تروزێ، زیاتر خواستیان لەسەرە بەراورد بە بەرهەمەکانی تر.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی دهۆک، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک بە گشتی، تەماتە بە رووبەری 10 هەزار و 838 دۆنم، خەیار 8 هەزار و 941 دۆنم، باینجان هەزار و 296 دۆنم، پەتاتە 37 هەزار و 333 دۆنم، کاڵەک 12 هەزار و 722 دۆنم، شووتی شەش هەزار و 103 دۆنم، پیاز هەشت هەزار و 755 دۆنم و لۆبیاش بەرووبەری هەزار و 860 دۆنم چینراون.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری