هاتوچۆی سۆران:

“پۆستەرەكانتان لەسەر هێماكانی هاتوچۆ لابەن ئەگەرنا خۆمان لایدەبەین”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران ئاگاداری سەرجەم كاندیدەكانی هەڵبژاردنی كوردستان دەكاتەوە، ئەوانەی پۆستەرەكانیان لە هێماكانی هاتوچۆ هەڵواسیوە، لە 24 كاتژمێردا لایببەن، ئەگەرنا خۆیان لایدەبەن.

بەڕێوەبەرایەتییەكە ئەمڕۆ دووشەممە 30.9.2024 لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت،

ئاگاداری سەرجەم كاندیدانی لایەنە سیاسیەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان دەکەینەوە، کەوا بۆ ماوەی (24) کاتژمێر هەر كاندێك پۆستەر و لافیتەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە نزمە هێما و بەرزە هێماکانی هاتوچۆدا هەڵواسیوە، لێی نەکاتەوە، ئەوا تیمێک لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران هەڵدەستێت بە لێکردنەوەی پۆستەر و لافیتەکان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان”.

پۆلیسی سۆران دەڵێت، مەبەستمان لەو كارە سەلامەتی شوفێرانە و بەهیواین هاوكارمان بن.

ئەو كێشەیە هەر لە سۆران نییە و لە زۆربەی شوێنەكان هەڵواسین و دانانی پۆستەری كاندیدەكانی هەڵبژاردن، كێشەی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان و شۆفێران دروست كردووە و هێماكانی هاتوچۆ و هەروەها سەرەڕێی یوتێرن و بلواری نێوان شەقامەكانیان گرتووە و 964 لە رۆژانی رابردوو چەند هەواڵ و بابەتێكی لەمبارەیەوە بڵاوكردەوە.

"پۆستەرەکانتان مەترسى بۆ سەر هاوڵاتیان دروستکردووە"