18 کۆمپانیای گەورەی سعودییە لە کوردستان وەبەرهێنان دەکەن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

18 کۆمپانیای گەورەی سعودییە دێنە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان دەکەن. دەستەی وەبەر‌هێنانی هەرێم دەڵێت هاتنی ئەو کۆمپانیایانە گرنگە و شەش کەرت دەبووژێننەوە.

تۆڕی964 لە دەستەی وەبەرهێنانەوە دەزانێت، ئەو 18 کۆمپانیایە لە بوارەکانی پیشەسازی، پترۆکیمیاوی، کشتوکاڵی، گەشتوگوزار، شیرەمەنی و تەندروستی وەبەرهێنان دەکەن.

د.هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم بە تۆڕی964ـی وت “هاتنی ئەو کۆمپانیایانەی سعودییە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدایە، کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە داڤۆس لەگەڵ وەزیری وەبەرهێنانی سعودییەدا کردووەیەتی”.

وا بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو شاندێکی باڵای وەبەرهێنان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و رێوشوێنی کارکردنیان دیاری بکەن.

“کارکردنی وەبەرهێنەرانی سعودییە لە کوردستان زۆر گرنگە، بەتایبەت لە بووارانەدا وەبەرهێنان دەکەن، کە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم کردوونی بە ستراتیژی کار و وەبەرهێنانیان تێدا دەکات”، د.هەڤاڵ سدیق وای وت.