37  ساڵە هونەرمەندێکی ناودرای کورد ون  بووە

 +964
 شڤان عەبدولڵا – زاخۆ

ئەردەوان زاخۆیی، ئەو هونەرمەندەی 37 ساڵە هەموو بادینان لە چاوەڕوانی سۆراغێکی دان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی کانونی دووەم، 37 ساڵ بەسەر دیارنەمانی پێشمەرگە و هونەرمەند ئەردەوان زاخۆیی تێدەپەڕێت.

ئەردەوان، دوای دووساڵ بوونی بە پێشمەرگە لە ساڵی 1984 بۆ 1986، دوای گەڕانەوەی لە شاخ بۆ زاخۆ، زێدی لە دایکبوونی، لە پڕێکدا لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لەناو زاخۆ دەڕفێندرێت و دیار نامێنێت.

بۆ سۆراغی کوڕەکەی، دایکی ئەردەوان خۆی دەگەیەنێتە سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق.

وەک دایکی لە دەمی سەدامەوە گێڕاویەتەوە، دەڵێ: ئەگەر لە ژیان مابێت بۆت دەگەرێنمەوە ، ئەگەر نا لە ژیان نەماوە.
ئەوەی روونە لەلای زاخۆییەکان ئەوەیە کە ئەردەوان لەلایەن بەعسییەکانی زاخۆ رفێندراوە.

سەمیر زاخۆی، ئاوازدانەر و یەکێک لە مامۆستایانی هونەرمەند ئەردەوان زاخۆی بۆ تۆڕی964 باسی یەکەم ناسینی ئەردەوان دەکات و دەڵێ: لە سەنتەری لاوانی زاخۆ ناسیم، هەر لەوکاتە زانیم ئەردەوان نەک تەنیا هونەرمەندێکی زیرەک وخودان بەهرەیەکی تایبەتە، بەڵکو هونەرمەندێکی بێ وێنەیە لە چڕینی ستران و زۆربەی موزیک ژەنەکان متمانەی تەواویان پێی هەبوو.

“هەر هۆزان و هەڵبەستێک ئەگەر یەکجار بەرگوێ کەوتبایە، یەکسەر لەبەری دەکرد، هەر لەبەر ئەمە هەموومان ئیرەییمان پێی دەبرد”. سەمیر وادەڵێت، لەبارەی دیارنەمانیشی باسلەوە دەکات وەک  خەڵکی زاخۆ کە باسی دەکەن لە لایەن سەربازانی بەعس رفێندراوە و تا ئەمڕۆ هیچ هەواڵێک لە مان و نەمانی نییە.