سەربەخۆی کۆمسیۆن بپارێزن

تۆڕی چاودێرەکان: هەڵبژاردن پێویستی بە کەشوهەوایەکی ئارام و سەقامگیرە

964+
ئەحمەد مستەفا

هاوپەیمانیی تۆڕ و ڕێکخراوەکانی چاودێریی هەڵبژاردن لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێن، لە کەس شاراوە نییە کە ئەم هەڵبژاردنە پێویستی بە دەستەبەرکردنی کەشوهەوایەکی ئارام و سەقامگیر هەیە و ئەوەش بە دوورکەتنەوە دەبێت لە گوتاری پڕ لە ر‌ق و کینە.

ئەگەر زۆرە سبەی بانگەسەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستپێبکات و بڕیارە لە رۆژی 20.10.2024، خەڵک دەنگ بە نوێنەرەکانیان بدەن.

ئەو تۆڕ و رێکخراوانەی چاودێری کە بە بەشداری شەش رێکخراو و سەنتەر پێکهینراوە وێنەیک لە بڵاوکراوەکەیان بۆ 964 ناردووە، دەشڵێن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە لە ژینگەیەکی هێمن و سەلامەتدا بەڕێوەبچێت، دەبێت کێبڕکێ و سەروەری یاسا و پابەندبوون بە رێکارەکانی کۆمسیۆن لە بنەما سەرەکییەکانی بێت.

داوا لە لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان و دەزگاکانی راگەیاندن و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا دەکەن کاربکەن، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک کە لەسەر بنەمای کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە و هێمن بێت و خۆیان لە هەڵمەتی پڕوپاگەندەی پەلاماردەرانە و دنەدانی توندوتیژی و زیادەڕەویی بە دووربگرن، لەوەش زیاتر ڕێز لە بێلایەنی و سەربەخۆیی کاروبارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بگرن و پارێزگاری لێبکەن،

هاوپەیمانی تۆڕ و رێکخراوەکان، داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش دەکەین مامەڵەیەکی توند و یەکلاکەرەوە لەگەڵ سەرپێچییەکانی ئەو پارت و هاوپەیمانێتی و کاندیدانەدا بکات، کە رێساکانی بانگەشەی هەڵبژاردن پێشێل دەکەن،

ئەمەی خوارەوە دەقی بانگەوازی هاوپەیمانی تۆڕ و رێکخراوەکانە؛

بانگەواز
بۆ/
– پارتە سیاسییە رکابەرەکان
– کاندید و پاڵێوراوانی رکەبەر
– دەزگاکانی راگەیاندن بە هەموو جۆرەکانیەوە
– پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
ئێمەی ئەندامانی هاوپەیمانیی تۆڕ و ڕێکخراوەکانی چاودێریی هەڵبژاردن، ئەم بانگەوازە ئاراستەی پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکان و دەزگاکانی راگەیاندن و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا دەکەین سەبارەت بە دۆخی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و گوتاری میدیایی ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستاندا لە کێبڕکێدان.
لەگەڵ دەرچوونی مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە دیاریکردنی رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 وەک رۆژی هەڵبژاردن، رەوتی کارکردن و ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش خێراتر بووە بۆئەوەی بتوانرێت هەڵبژاردنەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت، لە بەرامبەر ئەم ئامادەکارییە روو لە هەڵکشانەی کۆمسیۆندا، کە تەنها چەند هەفتەیەکی کەمی ماوە بۆ رۆژی دەنگدان، هەتا دێت ئامادەکارییەکانی لیستە رکەبەرەکانی هەڵبژاردنەکەش زیاتر دەبن.
ئەوەی جێگەی سەرنجی چاودێران و هاووڵاتیانە ئەوەیە کە هێشتا جارێ هەڵمەتی بانگەشەکردن دەستی پێنەکردووە کەچی بەشێک لە کاندیدەکان، بە شێوەیەک لە شێوەکان، دەستیان بە هەڵمەتی هەڵبژاردن کردووە و لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندن و سەکۆکانی سۆشیال میدیاوە ناو و وێنە و ژمارە تیروپشکەکانی خۆیان و حزبەکانیان بڵاودەکەنەوە، ئەمە سەرباری تاوسەندنی لێدوانی ئیستفزازی و دوژمنکارانە و نیگەرانکەر، کە دواجار دەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر خودی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە خۆی و دانانی کاریگەریی خراپ لەسەر دڵ و دەروونی دەنگدەران، کە دوور نییە لە سەروبەندی هەڵمەتی بانگەشەکەدا سەربکێشێت بۆ پێکدادانی نێوان لایەنگرانی پارتە سیاسییە رکەبەرەکان و بەوەش ئاشتی کۆمەڵایەتی تێکبچێت و دۆخێکی قەیراناوی ئەوتۆ بێتە ئاراوە کە ببێتە هۆکاری ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا، کە ئەمەش دەمانبات بەرەو تێکچونی دۆخی سیاسی بە شێوەیەکی مەترسیدار.
لە کەس شاراوە نییە کە ئەم هەڵبژاردنە پێویستی بە دەستەبەرکردنی کەشوهەوایەکی ئارام و سەقامگیر هەیە و ئەوەش بە دوورکەتنەوە دەبێت لە گوتاری پڕ لە ر‌ق و کینە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە لە ژینگەیەکی هێمن و سەلامەتدا بەڕێوەبچێت، کە تییدا کێبڕکێ و سەروەری یاسا و پابەندبوون بە رێکارەکانی کۆمسیۆن لە بنەما سەرەکییەکانی بێت.
هەربۆیە لێرەوە داوا لە لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان و دەزگاکانی راگەیاندن و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا دەکەین کاربکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک کە لەسەر بنەمای کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە و هێمن بێت و خۆیان لە هەڵمەتی پڕوپاگەندەی پەلاماردەرانە و دنەدانی توندوتیژی و زیادەڕەویی بە دووربگرن، لەوەش زیاتر ڕێز لە بێلایەنی و سەربەخۆیی کاروبارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بگرن و پارێزگاری لێبکەن، هاوکات داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش دەکەین مامەڵەیەکی توند و یەکلاکەرەوە لەگەڵ سەرپێچییەکانی ئەو پارت و هاوپەیمانێتی و کاندیدانەدا بکات، کە رێساکانی بانگەشەی هەڵبژاردن پێشێل دەکەن، ئەمەش لەپێناو ئەوەی کە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و شەفاف بەڕێوەبچێت و کاربکرێت بۆ ڕێزگرتن لە یاسا، ڕێزگرتن لە خواست و ئیرادەی دەنگدەر لە هەرێمی کوردستاندا و ڕەخساندنی هەلومەرج و ژینگەیەکی گونجاو بە ئامانجی فراوانکردنی بازنەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.

هاوپەیمانیی تۆڕ و ڕێکخراوەکانی چاودێریی هەڵبژاردن

چاوەڕوان دەكرێت سبەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی كورد...

چاوەڕوان دەكرێت سبەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی كوردستان دەستپێبكات