لەگەڵ سودانی کۆبوونەتەوە

غەمی بەرهەمەکانی خۆیان جوتیارانی بەسڕە دەهێنێتە پێنجوێن

+964

کامیار کەمال- پێنجوێن

بۆ ئەوەی لە کاتی پێگەشتنی بەرهەمەکانیان پشتگیری بکرێنەوە، جوتیارانی بەسڕە ئەمڕۆ سەردانی پێنجوێن دەکەن و لەگەڵ جوتیارانی قەزاکە کۆدەبنەوە.

رێباز ساڵح نوێنەری جوتیارانی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، بڕیارە چەند جوتیارێکی بەسڕە بگەنە پێنجوێن و لەگەڵ جوتیارانی پێنجوێندا پێکەوە، سەردانی چەند کێڵگەیەک و چەند عەلوەیەک بکەن.

وتیشی، چەند ئامانجێکیان هەیە لە سەردانەکەیاندا و دەیانەوێت ئەوە ببینن کە پێنجوێن دەتوانێت بەرهەمی شارەکانی عێراق پڕ بکاتەوە بە بەرهەمی کشتوکاڵیی هاوینەیی و بە تایبەتی تەماتە.

ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەیان لە پێناو خۆیاندایە، چونکە ساڵی رابردوو بەهۆی پشتگیری جوتیارانی پێنجوێنەوە جوتیارانی بەسڕە توانییان بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە و ئێستا پشتگیری جوتیارانی پێنجوێن دەکەن تاوەکوو کە بەرهەمەکەیان پێگەیشتەوە، جارێکی دیکە جوتیارانی پێنجوێن پشتگیریان بکەنەوە.

 جوتیارانی بەسڕە چاویان بەسەرۆک وەزیرانی عێراق کەوتووە بۆ پشتگیری لە جوتیارانی پێنجوێن لەبەر ئەوە دەبێت هەردوولا پاڵپشتی یەک بن و کار لەسەر بەرهەمی ناوخۆ و ساغکردنەوەی بەرهەم و رێگری لە هاوردە بکەن، رێباز ساڵح  وای وت.

هاوکات ریاز شەداد، نوێنەری جوتیارانی بەسڕە بە 964ی راگەیاند، دیداریان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق هەبووە بۆ ئەوەی بەرهەمی پێنجوێن ساغببێتەوە.

وتیشی، دەبێت هەردوولا پەیوەندی بەهێزیان پێکەوە هەبێت و پشتگیری یەک بن بۆ ئەوەی پەرە بە بەرهەمی ناوخۆ بدرێت و بتواندرێت پشتی پێ ببەسترێت و واز لە هاوردە بهێندرێت.

ساڵانە لەکاتی پێگەشتنی بەرهەمی پێنجوێن جوتیاران توشی گرفتی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان دەبن و ئەمساڵیش دوای دوو سەردانی بەغدا و سەردانێکی هەولێر و کۆبوونەوە لەگەڵ هەردوو وەزیری کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان تواندرا بڕیاری راگرتنی هاوردەی تەماتە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێداچوونەوە: هاوبەش