پارەی گەنم وەردەگرن

ئەم هەفتەیە نۆرەی جوتیارانی پارێزگای سلێمانیە

964+

ژووری هەواڵ

لەم هەفتەیەدا دەستدەکرێت بە دابەشکردنی بڕێکی دیکە لە شایستەی دارایی گەنمی جوتیاران لە سنوری پارێزگای سلێمانی.

ئەمڕۆ شەممە 21.9.2024، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە 964ـی راگەیاند، دوایین جار بەغدا 150 ملیار دیناری گەنمی جوتیارانی ناردووە و ئێستا لە هەولێر و دهۆک دەست بە دابەشکردنی کراوە، لە سلێمانیش ئەم هەفتەیە دەستپێدەکات.

بڕى ئەو پارەیەی کە بۆ گەنمی جوتیارانی سلێمانی تەرخانکراوە، بریتییە لە 67.8 ملیار دینار، نەوزاد شێخ کامیل وای وت.

لەو 150 ملیار دینارەی بڕیاری خەرجکردنی دراوە، بڕی 47 ملیار و 373 ملیۆن و 835 هەزار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی سنووری پارێزگای هەولێرە و بڕی 35 ملیار و 541 ملیۆن و 48 هەزار دیناریش پارەی گەنمی جوتیارانی سنووری پارێزگای دهۆکە.

ئەمساڵ، له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌، بڕی 700 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، و بەپێی رێککەوتنی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و وەزارەتی بازرگانیی عێراق 228 هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەولێر، 282 هەزار تۆن بۆ پارێزگای سلێمانی و 189 هەزار تۆنیش بۆ پارێزگای دهۆک دیاری کرابوو.

هەفتەی داهاتوو پارەی گەنمی جوتیاران دابەش دەکرێت

هەفتەی داهاتوو پارەی گەنمی جوتیاران دابەش دەکرێت