پێشمەرگە بووبە پاڵەوانی شەترەنج
964+
مریەم ئەحمەد – هەولێر
ئەمڕۆ شەممە 28ی کانونی دووەم، كۆتا یاری شەتڕەنج بە بەشداری 12 یانەی گشت شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لە هۆتێل گۆڵدن نایت لە هەولێر بەڕێوەچوو، لە کۆتایشدا یانەی پێشمەرگە بوو بە پاڵەوان.
عەبدولوەهاب عەبدولرەزاق، سەرۆكی یەكێتی شەتڕەنجی ناوەندی كوردستان بە تۆڕی964ی وت، یاریەکانی پاڵەوانیەتی شەتڕەنجی كوردستان بە حەوت جەولە و بە بەشداری 12 یانەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان بەڕێوە چوو، جگە لە شاری دهۆك کە بەشداری پاڵەوانێتییەکەی نەكرد.
باسی لەوەشكرد، ئەوەی جێگای دڵ خۆشیە یەكێك لەو یانانەی كە بەشداری ئەم پاڵەوانیەتیەی كردووە یانەی ئافرەتانی هەولێر بوون، لە هەر یانەیەك شەش یاریزان هەن لە هەر جەولەیەك تەنیا چوار یاریزان یاری دەكەن و دوو یاریزان یەدەگ دەبن.
تۆڕی964 دەزانێت هەریەک لە یانەکانی، پێشمەرگە، سەرچنار، هەولێر، شێروانە، جیهان، رەواندز، شەقڵاوە، رزگاری، پیرەمەگرون، خەلیفان و یانەی ئافرەتانی هەولێر بەشدار بوون.
دڵسۆز عومەر، یاریزان لە یانەی جیهان بە تۆری964ی وت، “ئێمە وەك یاریزانانی شەتڕەنج ساڵانە پێویستمان بەو پاڵەوانێتیانە هەیە، بەڵام بەداخەوە لە كوردستان زۆر كەمن، دوای چوار ساڵ ئەوە یەكەم جارە پاڵەوانێتی بۆ یاریزانانی شەتڕەنج بەڕێوەبچێت ئەوەش بۆئێمە هەستێكی یەكجار خۆشە.
لەژێرچاودێری لێژنەی ئۆلۆمپی كوردستان و بە سەرپەرشتی یەكێتی شەتڕەنجی كوردستان، پاڵەوانیەتی یانەكانی كوردستان لە ماوەی دوو رۆژدا ئەنجامدرا، لەكۆتایدا یانەی پێشمەرگە بوو بە پاڵاوان و پلەی یەکەمی بەدەست هێنا لەسەر ئاستی 12 یانە.