هاوڵاتییه‌ك: یه‌كه‌مجاره دێن
چه‌ند كاتژمێرێك شارۆچكه‌ى باسنێ پڕبوو له حاجى له‌قله‌ق
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له شارۆچكه‌ى باسنێی سه‌ر به شارباژێر، ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرێك ژماره‌یه‌كی زۆرى باڵنده‌ى له‌قله‌ق لێ‌بوو، دواتر له سنووره‌كه نه‌مان، هاوڵاتییه‌كیش ده‌ڵێت، یه‌كه‌مجاره له‌قله‌ق بێته سنووره‌كه‌مان.
له‌قله‌قه‌كان، دوێنێ ئێواره به ره‌وێكی زۆره‌وه له باسنێ نیشتنه‌وه، به‌ڵام هه‌ركه به‌یانى داهات ئه‌و شارۆچكه‌یان به‌جێهێشت.
سوركێو ره‌سوڵ، گه‌نجێكى دانیشتووى باسنێیه به 964ـى وت، نزیكه‌ى 300 دانه له‌قله‌ق ده‌بوون كه هاتبوونه ناو ئاواییه‌كه‌یان، به‌هۆى ئه‌وه‌ى یه‌كه‌مجاریشه ئه‌و باڵنده‌یه دێته ئه‌و شوێنه خه‌ڵكی هه‌موویان به تاسه‌وه سه‌یریان ده‌كردن.
وتیشی “له‌قله‌قه‌كان كۆچه‌ری بوون، به‌هۆى ئه‌وه‌ى باسنێش سارد و كوێستانییه نه‌یانتوانی زۆر بمێننه‌وه به‌یانییه‌كه‌ى دواى بانگدان هیچ له‌قله‌قێك نه‌ما و رۆیشتن”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، زۆرجار قاز و قوڵنگی كۆچه‌ری هاتوونه‌ته سنووره‌كه‌یان، به‌ڵام به قسه‌ى به‌ته‌مه‌نه‌كان یه‌كه‌مجاره له‌قله‌ق روو له باسنێ ده‌كات.