لە ریزى هاوڵاتیان دەوەستا و پارەى لێ دەدزین
لە ناو بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆی هەولێر کەسێک دەستگیرکرا
964+
وریا فەتاح
لەناو بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى هەولێر کەسێک دەستگیرکرا کە لە ریزى هاوڵاتیان دەوەستا و دزى لێدەکرن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کاروان ساڵحى پەیامنێرى 964 بۆ کارێکى تایبەت بەخۆى دەچێتە بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى هەولێر، بەڵام دەبینێت لەلایەن پۆلیسەوە کەسێک دەستگیرکرا.
بەپێى ئەوەى کاروان ساڵحى لە کارمەندانى هاتوچۆ دەستى کەوتووە، ئەو کەسە لەگەڵ هاوڵاتیاندا لە ریز وەستاوە و خۆى لێ نزیککردوونەتەوە و پارەى لێ دزیون.
لەسەر ئەو بابەتە 964 قسەى لەگەڵ، هێمن حەمەد ئەمین، وتەبێژى هاتوچۆى هەولێر کرد، بەڵام وتى،”ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی نیم، بەڵام دەزانم کەسێک لەسەر ئەو بابەتە دەستگیرکراوە”.
964، لە سەرچاوەیەکى تایبەتى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى هەولێر زانیویەتى، ئەو کەسە دوێنێ پێنج ملیۆن دینارى لە هاوڵاتییەک دزیوە، بەڵام ئەمڕۆ دواى چاودێرى کرد لە کاتى دزیکردن دەستگیرکراوە.
لەم هەواڵەدا، کاروان ساڵحى و شۆڕش عەبدوڵا، پەیامنێرانى 964 هاوکار بوون لە وەرگرتنى زانیاریدا.