هەر رەشبوو مانای وانییە چا بێت

فرۆشیارێکی لێزان 35 جۆر چای تێکەڵاوی هەیە

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

بە دەم و دەستیی دیارە لێزان و کارسازە، جگە لەوەی 35 جۆر چای تێکەڵکراوی هەیە، ئامۆژگاری کابانەکانی ماڵەوە دەکات بۆ ئەوەی چاییەکەیان تام لە دەست نەدات، پاش کوڵاندن چا تێکەڵ بە ئاو بکەن و دوای پێنج خولەک بیخۆنەوە.

عەلی رەشید، فرۆشیاری چایە لە ناو بازاڕی ئاسنگەرەكانی جووت قاوە لە كەركوك، 200 جۆری چا لە بۆندار، هێڵدار و گوڵدار دەفرۆشێ و 30 ساڵە ئەزموونی لەگەڵ کارەکەی هەیە، لەلای ئەو هەر چاییەک رەنگی رەشبوو، مانای وانییە چا بێت.

عەلی رەشید بە 964ـی وت، زیاتر كاری فرۆشتنی چای سیلان دەكات بە كیلۆ، جگە لەوەی 200 جۆری دەفرۆشێ، 35 جۆری چای تێكەڵی تایبەت بە خۆی هەیە لە دوكانەكەیدا و مشتەرییەکانی لەسەری راهاتوون، هەر چایان نەما دەچن بۆ کڕینی.

لەبارەی لێنانی چا رێنمایی کابانەکانی ماڵەوە دەکات و پێی وایە دەبێت، ئاوەکە سەرەتا زۆر باش بکوڵێنرێت، دواتر چاییەکەی تێ بکرێت و سێ بۆ پێنج خولەک جێبهێڵدرێت تا چاییەکە تەواو تامەکە وەردەگرێت، دواتر “تڵپی چاییەکەی” لێ دەربکرێت و بخورێتەوە.

ئەو گرنگی بە تام دەدات، ئەگەر داواکاریشی بۆ بێت رەتی ناکەتەوە، بە تایبەت کاتێک باس دێتە سەر چای وەزیر، عەلی وتی، جۆرە چای تێكەڵی وەزیر کە تایبەتە بەخۆی، ناوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاسەوانانەی وەزیرێك و پەرلەمانتارێك جۆرە چایەکیان دەویست، رەنگ و تامی جیاوازی هەبێت، منیش بۆم تێكەڵ دەكردن، ئیتر ئەو تێكەڵەیە ناوی وەزیرم لێنا، ئێستا هاوڵاتی ئاسایش داوای دەكەن و نرخی یەك كیلۆیبە 25 هەزار دینارە.

چاییەکانی عەلی یەک کیلۆی لە پێنج هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و چاشی هەیە کیلۆی بە 100 هەزار دینارە، عەلی باسیلەوەکرد، ئەوەی نرخی یەک کیلۆی بە 100 هەزار دینارە چای سیلانە و سەد لە سەدە و تایبەتە بە خۆیان و بەچەندین تام بەردەستە، ئەم جۆرە چایانە قورسن و ئەو كەسانە دەیكڕن كە شێتانە ئارەزووی چای خواردنەوە دەكەن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

سەرتاشێکی هەولێر بەهۆی دەنگە خۆشەکەی موشتەری لێ نابڕێ...

سەرتاشێکی هەولێر بەهۆی دەنگە خۆشەکەی موشتەری لێ نابڕێت