نەوتە بەلاشەکە دەدرێتە هەژاران
+964
فەرمان سادق
نەوتەکە گەیشت و هەر بە بەلاشیش دەدرێتە هەژاران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش دەڵێ: ئەو نەوتە لەسەر داوای هیچ لایەنێکی سیاسی نەبووە.
ئەمڕۆ شەممە 28ـی کانونی دووەم، دوو ملیۆن لیتر نەوتە دیارییەکەی حکومەتی عێراق گەیشتە کوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش لە روونکردنەوەیەکدا کە کەمێک پێش ئێستا لەسەر پەیجی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دایانناوە و تۆڕی964 دەستی کەوتووە، دەڵێ: نەوتەکە بێ بەرامبەر بەسەر هەژاران دابەش دەکرێت.
دوو ملیۆن لیترەکە، دابەشی سەر 60 تانکەر کراوە کە 30 تانکەری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕینە، 30 تانکەرەکەی دیکەشی بۆ هەولێر و دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆیە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە روونکردنەوەکەیدا وەڵامی هەندێک لایەنی سیاسی داوەتەوە کە ئەو نەوتەیان بە دەستکەوتی خۆیان ناوبردووە دەڵێ: پاش سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، حکومەتی فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ 28 ی کانوونی دووەم، 60 تەنکەر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان نارد، ئەم دوو ملیۆن لیترەش لەسەر داوای هیچ لایەنێکی سیاسی نەبووە.
زیاتر وتی “ئەم دوو ملیۆن لیترەش بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بێ بەرامبەر بەسەر خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دابەش دەکات”.
هەر لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هاتووە کە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان کۆتایی هاتووە کە 64 ملیۆن لیتر نەوتییان بەسەردا دابەش کراوە.
بە قسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێت، بۆ ئەوەی هەر خێزانێک بەرمیلێک نەوتی 200 لیتری پێ بدرێت، ئەوا هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 254 ملیۆن لیتر نەوتە بۆ ملیۆنێک و 274 هەزار خێزان.