هەواڵەكان روون نین
جارێكی دیكە لە نزیك دۆناڵد ترەمپ تەقە كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وتەبێژی تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا رایگەیاند، جارێكی دیكە تەقە لە نزیك شوێنی ترەمپ كراوە.
وتەبێژی تیمەكەی ترەمپ، ستیڤن چۆینگ بە میدیاكانی ئەمریكای راگەیاند، ئەمشەو “بە كاتی كوردستان”، لە نزیك شوێنی ترەمپ لە پاڵم بیچ لە فلۆریدا، لە كاتێكدا سەرۆكی پێشووی ئەمریكا و كاندیدی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە، خەریكی یاریی گۆڵف بووە، تەقە لە نزیكی شوێنەكە كراوە.
سەرچاوەكە دەڵێت، ترەمپ سەلامەتە، بەڵام روونی نەكردووەتە تەقەكان بە ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ بووە یان نا.
هەروەها رایگەیاند، ئەو كەسەی تەقەی كردووە دەستگیر كراوە.
لە لایەكی دیكە رۆژنامەی نیویۆرك پۆست بڵاویكردەوە، دوو كەس لە نزیك هەوارگەكەی ترەمپ لە فلۆریدا تەقەیان لەیەك كردووە و تیمەكەی ترەمپ ئەویان پاراستووە.
هێشتا هیچ لەو زانیارییانە پشتڕاستكراوە نین و پۆلیسی ئەمریكاش لەم بارەیەوە تا ئێستا هیچ روونكردنەوەیەكی رانەگەیاندووە.
ترەمپ لە تەمووزی رابردوو هەوڵی كوشتنی درا و لە پێنسلڤانیا كاتێك قسەی بۆ هەوادارانی دەكرد، تەقەی لێكرا و گوێچكەی بە سووكی بریندار بوو، تەقەكەرەش كوژرا.