توێژینەوەیەک:

پێشکەشکردنى هاوکارى کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان مەرجدارکراوە

964+

وریا فەتاح

بەپێى توێژینەوەیەک کە لەگەڵ ئەو رێکخراو و لایەنانە ئەنجامدراوە کە هاوکارى کۆمەڵایەتى پێشکەش دەکەن، دەردەکەوێت کە لە پێشکەشکردنى هاوکارییەکاندا ئاڵۆزى هەیە و رەچاوى ماف و تایبەتمەندى ئەو کەسانە لەبەرچاو نەگیراوە کە هاوکارییەکە وەردەگرن.

ئەم توێژینەوەیە بەشێکە لەزنجیرە توێژینەوەیەک بەناوی “باشترکردنی هاوکاریی کۆمەڵایەتی لەکاتی قەیرانەکاندا” و لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە پشتگیریی دارایی دەکرێت و بەهاوبەشی لەنێوان پەیمانگەی IDSـى بەریتانی و رێکخراوی پاسەوان لە کوردستان ئەنجامدراوە.

د. هەرێم کەریم لە رێکخراوى پاسەوان کە یەکێکە لە توێژەرانى توێژینەوەکە بە 964ـى وت،”بۆ ئەم توێژینەوەیە کۆمەڵێک بەشداربوو لە رێکخراوەکانى  سلێمانى و دهۆک بانگکراون، بەتایبەت ئەو رێکخراوانەى کە هاوکارى کۆمەڵایەتى پێشکەش بە خەڵک دەکەن، ویستمان بزانین چۆن هاوکارى کۆمەلایەتى وەردەگیرێت و چۆن دابەشدەکرێت و پەیوەندى رێکخراوەکان چۆنە بەیەکەوە”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، نارێکخراوییەکى زۆر و پەرتەوازەیى و نادادییەکى زۆر لە دابەشکردنى هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە، بەشێوەیەک نە رێکخراوەکان پەیوەندییان بەیەکەوەیە و نە داتایەکى دروست هەیە کە زانیارى و ئامارى پێویستى تێیدابێت لەبارەى ئەو کەسانەى کە پێویستیان بە هاوکارى کۆمەڵایەیتییە.

“لە هەرێمى کوردستان، پێدانى هاوکارى کۆمەڵایەتى بە خەڵک مەرجدارکراوە و وێنە و ڤیدیۆ و زانیارى کەسیان لێوەردەگیرێت، ئەوەش لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە وەک مەرج بەسەر رێکخراوە ناوخۆییەکاندا سەپێنراوە”، د. هەرێم کەریم واى وت.

لەم لینکەوە پوختەى توێژینەوەکە ببینە:

بەمەبەستى توێژینەوەکە باشترکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییە لە هەرێمى کوردستان کە رێکخراوى پاسەوان بە هاوکارى پەیمانگاى پەرەپێدانى توێژینەوەى بەریتانى (IDS) ئەنجامیداوە، سەرنجى تەواوى لەسەر بارودۆخى ژیانى ئەندامان و گرووپە پەراوێزخراوەکانى کۆمەڵگە و ئەزموونیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە هاوکاریی کۆمەڵایەتیى دەخاتە ڕوو.

بڕیارە رۆژى 14.10.2024، لە کۆنفرانسێکى گەورەدا لە رۆماى پایتەختى ئیتاڵیا، راسپاردەکانى ئەو توێژینەوەیە بخرێتەڕوو بە تایبەت لابردنى مەرج بۆ پێشکەشکردنى هاوکارى کۆمەڵایەتى.

ئەو کەسانەى هاوکاریى کۆمەڵایەتى وەردەگرن دڵنیانین لە ...

ئەو کەسانەى هاوکاریى کۆمەڵایەتى وەردەگرن دڵنیانین لە پاراستنى شکۆیان