خانەوادەکەی دەیانەوێت یادی بکەنەوە

دوو ساڵ بەسەر گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تێپەڕی

+964

شۆڕش قادری

دەنگێک هەموو سنوورەکانی بڕی و گەیشتە ئەوپەڕی دنیا، هەر ئازادیخوازەو پڕ بە گەرووی هاوار دەکات ژن ژیان ئازادی، چیرۆکی ئەم دەنگە دلێرە پاڵەوانێکی هەیە کە ناوی ژینا ئەمینییە.
ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، رۆژی 13ی ئەیلولی 2022 لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تاران لەناو میترۆی حەقانی پایتەخت، بە بیانوی رەچاونەکردنی یاساکانی باڵاپۆشی دەستگیر کرا و سێ رۆژ دواتر بە شێوەیەکی گوماناوی لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا،کەسوکارەکەی هەر ئەو کات دەسەڵاتدارانی وڵاتیان بە کوشتنی ژینا تۆمەتبار کرد.

هەوڵێک هەبوو ئەو کات تەرمەکەی بە بێدەنگی بە خاک بسپێردرێت، بەڵام کەسوکارەکەی و خەڵک کۆبوونەوەو دوای بە خاکسپاردنی لەسەر گڵکۆی گۆڕەکەیان نووسی، ”ژینا گیان تۆ نامری ناوت ئەبێتە رەمز”، لێرەوە پڕیشکی ئاگرێکی ناڕەزایی سەریهەڵداو لە ماوەی چەند رۆژێکدا 24 پارێزگای ئێرانی گرتەوە بە تارانی پایتەختیشەوە.

رێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤ دەڵێن لە هەوڵی سەرکوتکردنی ئەو ناڕەزایەتییانەدا لانیکەم 500 کەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کوژران کە نزیکەی 145 کەسیان هاوڵاتیانی کوردی مەدەنی بوون، لەناویشیاندا شەش ژن و 16یان منداڵ و مێرمنداڵن، بە هەزاران کەسیش برینداربوون و راپێچی زیندان کران، ژمارەیەکیشیان لەسێدارەدران.

ژن ژیان ئازادی بووە دروشمی سەرەکی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتییە و دەیان گۆرانی بۆ وترا، ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە زۆر شوێنی جیهان کاتێک ژنێک ئازار دەدرێت، هەمان دروشم دێتەوە بەر مەیدان.
ئێستا دوو ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر رووداوی گیانلەدەستدانی گوماناوی ژینادا، بۆ ئەمساڵیش ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا بە میدیاکانی راگەیاندووە، ئەگەر هاوشێوەی پار حکومەت رێگەیان لێ نەگرێت، مافی خۆیانە و بەنیازن رێوڕەسمێک بۆ یادی کچەکەیان لەسەر گۆڕستانی ئایچی سەقز بکەنەوە.

بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە و بە وتەی چالاکانی مەدەنی، چەند رۆژێکە حکومەتی ئێران هێزێکی ئەمنیی زۆری رەوانەی شارە کوردنشینەکان کردووە و ئاوی بەنداوی چراوەیسیشی بەسەر چەمی سەقز بەرداوەتەوە بۆ ئەوەی بەو شێوەیە رێگای گەیشتنی خەڵک بۆ سەر گۆڕستانی ئایچی بگرێت چونکە لە چلەی ژینا لە ساڵ 2022 زۆربەی خەڵکی شارەکانی دەورووبەر لەو رێگایەوە خۆیان گەیاندە سەر گۆڕەکەی ژینا.

خەڵاتی ساخارۆڤ بە ژینا ئەمینی بەخشرا

خەڵاتی ساخارۆڤ بە ژینا ئەمینی بەخشرا