پێشتر لە جیهاندا پێشخستنی لەم شێوەیە نەکراوە
مامۆستایەکی زانکۆی راپەڕین پێشخستنێکی گرنگی بۆ ئامێرێکی ئەندازیاری کردووە
+964
ژێوار خدر
مامۆستایەکی زانکۆی راپەڕین پێشخستنێکی کردووە، لە ئامێرێکی ئەندازیاری گەورە (Rectangular Flume Channel Model )، کە تایبەتە بە بەشی ئەندازیاری و خوێندکارانی بەشە ئەندازیارییەکان بۆ ئەنجامدانی چەند پشکنینێکی جیاواز بەکاریدەهێنن.
ئومێد محەمەد، مامۆستا لە سەنتەری گشتی توێژینەوەی زانکۆی ڕاپەڕین بە 964ـی وت، ئامێرەکە خۆی هەبووە پێشتر، ئێمە تەنیا پەرەمان پێیداوە، ئامێرەکە لە رێگەی چەند هاردوێرێکەوە بەسۆفتوێرێکەوە بەستراوە، کە بیرۆکەی هاردوێرەکە و دروستکردنی پرۆگرامەکە بەم شێوە جیاوازە لە لایەن خۆمەوە دانراوە و دروستکراوە، ئەوەی گرنگە توێژەر یان خوێندکارراستەوخۆ لە رێگەی سۆفتوێرەکەوە ئەنجامی تێستەکانی دەستدەکەوێت بەشێوەی ئۆتۆماتیکی.
وتیشی، ئامێرەکە حەوت بۆ هەشت تێستی جیاوازی پێدەکرێت، پێشترکاتێکی زۆری دەویست بۆ دەرچوونی ئەنجامەکان، بەڵام ئێستا لەدوای پەرەپێدانەکە راستەوخۆ دوای یەک چرکە هەموو ئەنجامەکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وەردەگیرێتەوە.
”تەواوی ستراکچەرەکە دروستکراو و لێکدراوی کوالیتی بەرزترە لە دروستکراوی هاوشێوەی بەشێک لە وڵاتانی بیانی، ئەوەی ئەم ئامێرە جیا دەکاتەوە لە تەواوی ئامێرەکانی دیکەی هاوشێوەی ناوەوەی عێراق، کوردستان و وڵاتانی دراوسێش ئەوەیە، دیزاینێکی زۆر وردی بۆ کراوە بۆ گەیشتن بە پارامیتەرەکانی تێڕژانی ئاوەکە( Water Flow Parameter) لە کاتێکی زۆر کەمدا ئەنجامی بەشێک لە تێستەکان لە رێگەی سۆفتوێرێکەوە دەستدەکەوێت و چەند جارێکیش دەتواندرێت تێستەکان دووبارە بکرێتەوە.” ئومێد محەمەد وای وت.
خوێندکارانی بەشەکانی ئەندازیاری شارستانی، مەدەنی، ئاودێری، جیۆ تەکنیک و کشتوکاڵی ئەم ئامێرە لە زانکۆکاندا بەکاردەهێنن.