وتەبێژی حكومەتی هەرێم بۆ 964 قسەی كرد

دوای دوو رۆژ كۆبوونەوە بەغدا و هەرێم گەیشتن بە چی؟

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی كۆبوونەوەكانی ئەم دوو رۆژەی ئەنجومەنی ئابووریی هەرێم و بەغدا، لە بارەی موچەی فەرمانبەرانەوە گەیشتنە ئالیەتێك، بەڵام دەبێت ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری كۆتایی لەسەر بدات.
پێشەوا هەورامانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا ئەمشەو بە 964ی وت، “كۆبوونەوەكان باش و ورد بوون، بە تایبەتی لە بارەی موچەی فەرمانبەرانی كوردستانەوە هەردوولا لەسەر ئالیەتێك رێككەوتن، كە ئالیەتەكە لە لایەن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت.

وتیشی، “بە گشتی لایه‌نی عێراقی ره‌زامه‌ند بوون له‌سه‌ر ناردنی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، بەڵام هەندێك تێبینییان هەیە، كە دەبێت حكومەتی هەرێم تا كۆتایی ئه‌م ساڵ چاره‌سەریان بكات، وردتریش تێبنییەكان لە بارەی‌ بایۆمه‌تری و فه‌رمانبه‌رانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هەرێم و هەروەها ناوی دووبارەن”.
هەورامانی ئاشكرای كرد، بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكان پەیوەست بوون بە بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان، كە لە ئاداری 2023 وەستاوە.
“حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە گفتوگۆی زیاتر لە بارەی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت بكات و بەربەست نین بۆ دووبارە هەناردەكردنەوە”.
ئاشكراشی كرد‌ هه‌ردوولا رێككه‌وتن گفتوگۆ له ‌نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و چارەسەری ئەم بابەتە بكرێت.

لە لایەكی دیكەوە بە پێی سەرچاوە میدیاییەکانی نزیك لە حكومەتی هەرێم، لە گفتوگۆكانی دوو رۆژی رابردووی نێوان هەردوولا، ئەم بڕیارانە دراون:

1- کۆمپانیاکان تەنیا باج بە یەک حکومەت بدەن، حکومەتی عێراق یان هەرێم و نابێت باجی دوولایەنە بمێنێت.
2- چارەکردنی کێشەکانی وەبەرهێنانی هەردوولا، بۆ ئەم مەبەستە هەفتەی داهاتوو شاندێکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا.
3-  کێشەی موچە چارەسەر دەکرێت و لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ یان سبەی لیستی موچەی مانگی ئاب رەوانەی بەغدا دەکرێت.
4- پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ لادانی بازگەکانی گومرگی لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە دوو رۆژی رابردوودا شاندی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری عێراق بە سەرۆكایەتی فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری لە هەولێر بوون، لەگەڵ ئەنجومەنی ئابووریی كوردستان كۆبوونەوە، لە بەشێك لە كۆبوونەوەكان مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستانیش بەشدار بوو.