بۆ کەمپی سورداش گواسترانەوە

شەش رێکخراو داوادەکەن سەلامەتی پەنابەرانی زڕگوێز مسۆگەر بکرێ

964+
ئەحمەد مستەفا

پلاتفۆڕمی رێکخراوە مەدەنییەکانی مافی مرۆڤ، کە شەنوکەوی دۆخ و پێشێلکارییەکانی سەر کوردانی رۆژهەڵات دەکەن، نیگەرانن لە گواستنەوەی پەنابەرانی سیاسی لە زرگوێزەوە بۆ کەمپی سورداش و داوای پاراستنیان دەکەن.

پلاتفۆرمی رێکخراوە مەدەنییەکان بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران، رێکخراوی جیهانی کورد، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، کوردستان تریبۆنا، ناوەندی پەیامنێرانی مافی مرۆڤی کوردستان و ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە.

ئەوان بەیانێکیان بڵاوکردووەتەوە، هادی رەسوڵزادە، وتەبێژی هانا بە 964ی وت، “وەک رێکخراوەکان نیگەرانیی قووڵمان هەیە بۆ بارودۆخی ئەستەم و مەترسیداری پەنابەرانی سیاسی و ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکانی دژی حکومەتی ئێران، کە لەم دواییانەدا ناچار و بە زۆرەملێ لە جێگای نیشتەجێبوونی خۆیان لە زڕگوێز لە نزیک سلێمانی بۆ کەمپێکی ناوچەی سورداش راگوێزراون”.

ئەوان پێیان وایە، “ئەو راگواستنە کە دوابەدوای رێککەوتنێکی ئەمنی نێوان حکومەتەکانی عێراق و ئێران جێبەجێ کراوە، نیگەرانییەکی جددی سەبارەت بە پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانیان وەکو خەڵکێکی مەدەنی و پەنابەری سیاسی دەخولقێنێت”.

پلاتفۆڕمەکە سێ داواکاری لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە؛

1- سەلامەتی و ژیانی ئاسایی سەرجەم هاوڵاتیانی مەدەنی بەتایبەت ژنان و منداڵانی راگوێزراو مسۆگەر بکەن. زۆر گرنگە لەم که‌مپه‌ نوێیەدا رێز لە مافە سەرەتاییەکانیان بگیردرێت و بپارێزرێن.

2- ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئیران و بنه‌ماڵه‌کانیان وەک پەنابەری سیاسی پێویستە پارێزگاریی نێودەوڵەتییان هەبێت لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی جەستەیی یان دەروونییان. داوا لە دەسەڵاتداران دەکەین ڕێز لە پێگەی ئەو چالاکانە وەکوو پەنابەری سیاسی بگرن و دڵنیا بن لەوەی کە بەهۆی ڕێککەوتنە ئەمنییەکانەوە ژیانیان نەخرێتە مەترسییەوە.

3- داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبه‌ت ده‌زگای ئه‌منیه‌تی هه‌رێمی کوردستان دەکەین بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پەنابەرانە بکەن و ڕێز لە کەسایەتی و مافە مرۆییەکانیان بگرن.

ئەو وتەبێژەی هانا ئەوەشی بە 964ی وت، “لە پاڵپشتی خۆمان بۆ خەڵکی مەدەنی و پەنابەرە سیاسیەکانی کورد بەردەوام دەبین و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ بارودۆخی خەڵکە راگوێزراوەکە لە کەمپی سووررداش دەکەین و لەو بارەوە لەگەڵ ناوەندە جیهانییەکان لە پەیوەندیدا دەبین”.

بەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، هێزی ئەمنی کە ساغ نەبووەتەوە، بەشداری هێزەکان بە دیاریکراوی کێ و کێن، چوونەتە ناوچەی زرگوێز و زرگوێزەڵە لە باشووری سلێمانی تا، “کۆمەڵەکان و خێزانەکانیان بۆ کەمپی سورداش ماڵ و حاڵیان بگوازنەوە”.

کۆمەڵەی کۆمۆنیست، زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە ناوچەکە هەن، دیاریکراو نییە ژمارەی خێزان و کادرانیان چەندە.

هەمان رۆژ، سەرکردەیەکی کۆمەڵەی کۆمۆنستی ئێران کە قسەی بۆ 964 کرد، وتی لێدوانی فەڕمیمان بەهۆی هەستیاری دۆخەکەوە راگرتووە، بەڵام “راستە ئەوەتا هێزەکانی ئاسایش هاتوون و لێرەن و ئۆتۆمبێل هێندراوە و ژمارەیەک خێزان دەچن لە کەمپەکە نیشتەجێ دەبن”.

ئەو سەرکردەیە نارەزایەتی کۆمەڵەکەی لە بڕیاری گواستنەوەیان دەربڕی و وتی ، “ئێمە بەهیچ جۆرێک لە پڕۆسەکە رازی نین، ئەو داواکارییانەی لە رێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراقدا ئاماژەی پێ کراوە لێرە هەموویمان جێبەجێ کردووە و دەمانویست بمێنینەوە”.

ئەو پڕۆسەکەی بە “شەڕێکی دەروونی” لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران وەسفکرد و وتی، “ئێرە گوندێکی کوردستانە، شەهید و لە دایکبوونمان لێرە بووە و لە ساڵی 1988 ئێرە جێگەی ئێمەیە”.

سەرکردەیەکی کۆمەڵە: گواستنەوەمان شەش مانگی بۆ دانراوە

سەرکردەیەکی کۆمەڵە: گواستنەوەمان شەش مانگی بۆ دانراوە