پێدەچێت لەلایەن داعشەوە رفێندرابێت

لە پردێ جوتیارێکى کورد بێ سۆراغە

964+

کاروان ساڵحی-کەرکوک

لە ئێوارەى دوێنێوە کە چووە بۆ ئاودانى کشتوکاڵەکەى، جوتیارێکى کوردى گوندێکى ناحیەى پردێ بێ سۆراغە، پۆلیس گومان دەکات لەلایەن داعشەوە رفێندرابێت.

لە ئێوارەی دوێنی هەینییەوە، جوتیارێکی کوردى دانیشتووى پردێ بەناوى رابەر حوسێن، بە مەبەستى ئاودانى کشتوکاڵەکەى چووەتە گوندى کتکە، بەڵام نە دەنگى هەیە و نە رەنگ، مۆبایلەکەى داخراوە، ئەوەى هەیە ماتۆڕەکەیەتى و لەسەر زەوییەکەى جێهێلدراوە.

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بنکەى پۆلیسى پردێ بۆ 964 قسەى کرد و باسى لەوەکرد، لەلایەن کەسوکارى ئەو جوتیارەوە ئاگادار کراونەتەوە، بە هاوکارى خەڵک هەڵمەتێکى گەڕانیان لە شوێنە ئەنجامداوە، بەڵام تەنیا ماتۆڕەکەیان دۆزیوەتەوە.

تا درەنگانێکى شەوى رابردوو پۆلیس و خەڵک لەو سنوورە بەدواى ئەو کەسەدا گەڕاون، بە قسەى سەرچاوەکەى پۆلیس بێت،” وەک ئەوەى زەوى قوتى دابێت”، هیچ سەرەداوێکیان دەست نەکەوتووە و مۆبایلەکەشى داخراوە.

“گومان دەکەین چەکدارانى داعش جوتیارەکەیان رفاندبێت، چونکە ناوە ناوە لەو سنوورە چالاکى ئەنجام دەدەن و دادەبەزن”، سەرچاوەکەى پۆلیس واى وت.

گوندی کتکە دەکەوێتە دەستی چەپی رێگای کەرکوک بۆ پردێ، بەهۆی ئەوەی ئەوەى گوندەکە پشتى لە بەرزاییەکانى قەرەدەرە و قەرەهەربەتەوەیە، ناوچەیەکى سەختە و چەکدارە پاراگەندەکانى داعش ناوە ناوە چالاکى ئەنجام دەدەن و دادەبەزن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

جوتیارانى کورد لە کەرکوک بە تەنیا جێهێڵدراون

جوتیارانى کورد لە کەرکوک بە تەنیا جێهێڵدراون