هەر دەرگا بکەیتەوە 250 دینارت لەسەر حسابە

پڕۆژەى تاکسى میتەر کۆتایى بە مامەڵەى سەرنشین و شۆفێر دەهێنێت

964+

دیلان محەمەد جەزا

بریارە لە ساڵی نوێوە پرۆژەی تاکسی میتەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەو رێگەیەوە کۆتایى بە مامەڵەى سەرنشین و شۆفێرى تاکسى بێت، پڕۆژەکە بە شێوەیەکە سەرنشین لە کاتی دەرگا کردنەوەوە 250 دیناری لەسەر هەژمار دەکرێت.

ئازاد ئەحمەد سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە 964ـى وت، ئێستا کۆمپانیایەک لە ئامادەکاریدایە بۆ دانانی پێوەر بۆ تاکسییەکانی ناو شاری سلێمانی، لەکاتی کردنەوەی دەرگای تاکسیەکە لە 250 دینارەوە دەست پێدەکات و بەپێى ئەو پێوەرەش کرێ تاکسى دیارى دەکرێت.

باسی لەوەکرد، رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەرگیراوە و کۆمپانیاکە چاوەروانی گەیشتنی ئامێرەکانن و بریارە لە ساڵی نوێوە بکەوێتە کار.

رونیشى کردەوە، ئامێرەکە شاشەیەکە لەناو تاکسییەکە دادەنرێن و پێوەرى خوێندنەوەى ئەو رێگایەى لەسەرە کە دەیبڕێت و لەلایەن کۆمپانیاشەوە چاودێرى دەکرێت.

” شۆفێر ناتوانێت بیکوژێنێتەوە، چەند سەرنشین سەردەکەوێت دەزاندرێت”، ئازاد ئەحمەد واى وت.

جەختى لەوەشکردەوە، ئەو تاکسیانەی پێوەر دانەنێن لە کاتی مامەڵەی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆ مامەڵەیان بۆ ناکرێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، تا ئێستا نرخی ئامێرەکە و بڕى پارە بۆ هەر کیلۆمەترێک دیارى نەکراوە کە لەسەر سەرنشین دەکەوێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لە دهۆک تاکسییەک 999 هەزار و 999 کیلۆمەتر رۆیشتووە

لە دهۆک تاکسییەک 999 هەزار و 999 کیلۆمەتر رۆیشتووە