بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: 2.8 ملیۆن دەنگدەر بایۆمەتریان تەواوبووە

964+

ژووری هەواڵ

کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی ئەو كەسانەی بڵاوکردەوە کە بایۆمەتری دەنگدانیان كردووە و ئەوانەیشی كارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە لە هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

بەپێی ئامارەکەی کۆمیسیۆن، تاوەکو سەرەتای ئەیلولی 2024، دوو ملیۆن و 677 هەزار و 757 کەس لە هەرێمی کوردستان بوون بە خاوەنی کارتی دەنگدان و دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 دەنگدەریش ناویان لە بایۆمەتری تۆمارکراوە.

ئەو بنکانەشی کە دەنگدانیی گشتییان تێدا دەکرێت ژمارەیان شەش هەزار و 318 بنکەیە کە دابەشبوون بەسەر یەک هەزار و 266 ناوەندی دەنگدان. هاوکات 749 بنکە بۆ دەنگدانی تایبەت کراونەتەوە کە دابەشبوون بەسەر 165 ناوەندی دەنگداندا.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان داوا لەو کەسانە دەکات کە کارتی بایۆمەتریان وەرنەگرتووەتەوە سەردانی نزیکترین بنکەی تۆمارکردنی دەنگدان بکەن لە شوێنی نیشتەجێبوونیان.

بەپێی ئامارەکەی کۆمیسیۆن، یەک هەزار و 192 کاندیدی ناوی خۆیان تۆمارکردووە بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هێشتا وردبینی لەبارەی ئەو کاندیدانەوە تەواو نەبووە.

کۆمیسیۆن دەشڵێت، لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ تۆمارکردنی سەرپێچی و سزادانی ئەو کاندیدانەی کە پێش بانگەشەی هەڵبژاردن دەست بە بانگەشە دەکەن و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.

ئەو کارمەندانەی کە راهێنانیان پێکراوە بۆ کاتی هەڵبژاردن ژمارەیان 41 هەزار کەسە.

کۆمیسیۆن: ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کور...

کۆمیسیۆن: ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهاتووە