دیارنییە دادگای پاریس بڕیاری لەبارەی هەناردەی نەوتی کوردستان دابێت

+964
كوردستان ئەحمەد

ئەگەرچی لە ژمارەیەک میدیای کوردی باس لەوە دەکرێت دادگای نێودەوڵەتی پاریس بڕیاری لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دابێت بە قازانجی حکومەتی عێراق، بەڵام 964 سۆراغی کرد و هیچ ئەنجامێکی پشتڕاستکراوەی بۆ دەرنەکەوت.

حكومەتی عێراق لە سەردەمی حەیدەر عەبادی لە ساڵی 2015 لە دادگای نێودەوڵەتی فەڕەنسا سکاڵای تۆمارکرد لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا.

بەپێی ئەو سکاڵایە، عێراق داوای 26 ملیار دۆلار قەرەبوو لە تورکیا دەکات کە رێگەیداوە هەرێمی کوردستان بە رێگەی بۆری نەوت لە خاکەکەیەوە بگەیەنێتە بەندەری جەیهان.

تۆڕی 964 پەیوەندیکرد بە محەمەد حوسێن، توێژەر لە ناوەندی عێراقی بۆ لێكۆڵینەوە و شیكاریە سیاسییەكان، کە ئەم کراوەتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، باسی لەوەکرد، کە قسە بە ناویەوە کراوە، ئەو لەسەر بنچینەی زانیاریی دروست نەیوتووە کە دادگای پاریس بڕیاریداوە.

بەپێی بەداواداچونی تۆڕی  964هیچ هەواڵێكی لەو شێوەیە لە میدیاكانی عێراق و فەڕەنسا و تەنانەت ماڵپەڕی فەڕمی بانكی نێودەوڵەتی بڵاونەكراوەتەوە.

تۆڕی 964 پرسیاری لە عەلی دۆڵەمەڕی کرد، کە نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە فەڕەنسا، ئەویش رەتیکردووە دادگای پاریس هیچ بڕیارێکی لەسەر ئەو پرسە دابێت و وتی، “ئەو زانیارییانە دوورن لە راستی”.