12 ساڵە بەغدا خەون بە مێترۆوە دەبینێت

964+

هێمن بەکر

یەکێک لەو خاڵانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی فەرەنسا لەسەری رێککەوتوون، دروستکردنی هێڵێکی مێترۆیە بۆ شاری بەغدا، تۆڕی 964 وردەکارییەکەی بڵاودەکاتەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 26ی کانوونی دووەمی 2023، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە پاریس، پاش چەند کاتژمێرێک تویتێکی کرد و نوسیبووی “لەگەڵ هاوڕێم ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتووین”.

دواتر دەرکەوت کە رێککەوتنەکە لە زۆر بوار پێکدێت، وەکو راهێنان بە سەربازانی عێراق، پرۆژەی ئاو، پرۆژەی کارەبا لەگەڵ مێترۆی بەغدا، کە ئەمەی دواییان بابەتەکەی ئێمەیە.

مێترۆکەی بەغدا، ئەوەی کە 12 ساڵە هەر خەونە و نەبووەتە راستی

بۆ یەکەمجار بەر لە 12 ساڵ لەمەوبەر و لە 2011 رێککەوتنێکی سەرەتایی کرا لەنێوان وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و کۆمپانیای Alstomی فەڕەنسی، بۆ ئەوەی بە درێژایی 25 کیلۆمەتر هێڵی مێترۆ لە بەغدا دروستبکات، نزیک لە شەقامە سەرەکییەکان.

وا رێککەوتن کرا کە تێچووی پرۆژەکە لەسەر حکومەتی فەڕەنسا بێت و حکومەتی عێراق وردە وردە بە ماوەی 20 ساڵ بیداتەوە، بەڵام ئەو پرۆژەیە نەکرا، ئەم کابینەیە رادەستی ئەوی تری دەکرد تاوەکو 12 ساڵ تێپەڕی.

بەپێی نەخشەسازییەکەی ئەوکات، هێڵی مێترۆکە لە باکوری بەغداوە شۆڕ دەبووەوە بۆ ناوەندی شارەکە، بەڵام نازانرێت ئەمجارە نەخشەکەی دەگۆڕدرێت یان نا.

بەگوێرەی رێککەوتنە نوێیەکەی سودانی و ماکرۆن، دەبێت بە زووی کۆمپانیا فەڕەنسییەکان بێنەوە بەغدا و دەرخستەی خۆیان بکەن بۆ پرۆژەکە، بەس دیار نییە کەی دێن و کەی کارکردن تێیدا دەستپێدەکات.