هۆشدارى دەدرێت
ئامارەکانى لەسێدارەدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ دوو هێندە بەرز بووەتەوە
964+
شۆڕش قادری
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئاماری لەسێدارەدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەدەن کە دوای هاتنە سەرکاری مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆک کۆمار، بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
نوسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “لە کاتێکدا ئاماری لەسێدارەدان لە ئێران لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ 45 حاڵەت بووە، لە مانگی ئابدا بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە لانیکەم 93 کەس.”
ئاماژە بەوەشکراوە، تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە 400 کەس لە ئێران بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەسێدارە دراون کە لانیکەم 15 کەسیان ژن بوون.
هاوکات رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، “لەو ژمارەیەی کە مانگی رابردوو لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دروان، لانیکەم 20 کەسیان کورد بوون”.
ئەوەش لەکاتێکدایە مانگی رابردوو مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆک کۆماری ئێران و کەسێکی ریفۆڕمخواز دەستبەکار بوو و گەورەترین بەڵێنیشی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و پشتیوانی لە داخوزاییەکانی خەڵک بوو.