جوتیاران بە دڵخۆشى لە بەغدا گەڕانەوە
“سودانى واژۆى لەسەر نوسراوى خەرجکردنى پارەى گەنمى جوتیاران کردووە”
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
رەنج و ماندووبوونى جوتیاران بە زایە نەچوو، دواى سەردانیان بۆ بەغدا بە دڵخۆشى گەڕانەوە و سەرۆک وەزیرانیش واژۆى لەسەر ئەو نوسراوە کردووە کە تایبەتە بە خەرجکردنى پارەى گەنمەکانیان.
بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیاران، رۆژی شەممە 31.8.2024 ژمارەیەک لە جوتیارانی ھەرێمی کوردستان رۆیشتنە بەغدا، ئەمڕۆ دوو شەممە بەدڵ خۆشییەوە گەڕانەوە کوردستان.
عوسمان ئەمین، یەکێکە لە نوێنەری جوتیارانی ھەرێمی کوردستان بە 964ـى وت،”دوێنێ یەکشەممە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق و شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوینەوە بۆ خەرجکردنی پارەی ئەمساڵی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان”.
“دوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ ئێمە، شاخەوان عەبدوڵا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و داواکاری جوتیارەکانی پێگەیاند، ئەویش واژۆی لەسەر خەرجکردنی پارەکە کردوە”عوسمان ئەمین وای وت.
پارەی گەنمی جوتیارانى هەرێم 485 ملیار دینارە، نوێنەرەکەی جوتیاران وتیشی،”لەوانەیە لەم ھەفتەیە پارەکە بۆ جوتیاران خەرج بکرێت”.
پێشتر فەرمانگەى میدیا و زانیارى بڵاوى کردبووەوە، بۆ ئەمساڵ 685 هەزار و 974 تۆن گەنمى جوتیاران لەلایەن سایلۆکانی هەرێمی کوردستانەوە وەرگیراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح