دانیشتووانى خانەقین

ئەگەر لە دووى شەوەوە کارەباى نیشتمانى نەیەتەوە بێ کارەبا دەبن

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

هەرچەندە کەمێک پلەکانى گەرما دابەزیوون، بەڵام قایمقامییەتى خانەقین کەوتووەتەخۆى و خشتەیەکى نوێى کارکردنى مۆلیدە ئەهلییەکانى راگەیاندووە، بەپێى ئەم خشتەیەش ئەگەر لە دووى شەوەوە کارەباى نیشتمانى نەبێت هاوڵاتیان دەبێت لە گەرمادا رۆژ بکەنەوە.

دلێر حەسەن سایە قایمقامی خانەقین بە 964ـى وت، لە رۆژى 1.9.2024ـەوە، کاتژمێرەکانى کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکانی خانەقین کەم دەکرێتەوە و رۆژانە 14 کاتژمێر لە ئامادەباشیدا دەبن.

” لە کاتژمێر 10ـى بەیانى تا 2ـى شەو مۆلیدەکان ئێشکگرن و لەو ماوەیەدا کارەباى نیشتمانى نەبوو دەبێت کارەبا بە هاوڵاتیان بدەن”، قایمقامى خانەقین واى وت.

وەک باسى دەکات، لە دوو مانگى رابردوودا، مۆلیدەکان لە 10ـى بەیانى تا 6ـى بەیانى رۆژى دواتر ئێشکگر بوون و لە کاتى بڕانى کارەباى نیشتمانى دەبوایە کارەبا بە هاوڵاتیان بدەن، هەرچەندە لەو دوو مانگەدا کارەباى نیشتمانى 12 کاتژمێر لە 24 کاتژمێرەکەدا هەبووە.

سەروەر عەلی دانیشتوویەکى قەزاى خانەقینە و بە 964ـى وت، ئەم بڕیارە لە کاتێکدا هاتووە کە هێشتا کارەبای نیشتیمانی لە دۆخێکی ناجێگیرە و بەپێی ئەم خشتەیە ئەگەر دواى کاتژمێر2ـى شەو کارەبای نیشتیمانی ببڕێت، ئەوا هاوڵاتی ناچار دەبێت یان مۆلیدەی تایبەتی خۆی بەکاربهێنێت یان بەبێ کارەبا دابنیشێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح