گەنمی کەنەدی گەیشتە سلێمانی
+964
فەهمی نەبی -هەولێر
وەزارەتی بازرگانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەردەوامن لە دابەزاندن و گواستنەوەی گەنمی کەنەدی و ناردنی بۆ هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکوک و چەند شارێکی تری عێراق.
گەنمە کەنەدییەکە، لە بەندەری ئوم قەسرەوە لە رێگەی کەشتی Dokos گەیشتووە.
رۆژی پێنجشەممە 26ی کانونی دووەم، وەزارەتی بازرگانی عێراق بڵاویکردۆتەوە، لە رێگەی کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە، بەردەوامن لە دابەزاندن و عەمبارکردنی گەنمی کەنەدی، بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ بڕەکەی بکات.
ئەو گەنمە دەنێردرێت بۆ هەریەکە لە سایلۆی پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکوک، موسڵ، بابل، دیوانیە، کوت، دوز و سایلۆی دۆرە.
بەپێی گوتەی حەیدەر نوری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە، کە بۆ ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی بازرگانی عێراق قسەی کردووە، لە ئێستادا هەریەکە لە سایلۆکانی سلێمانی، کوت، دیوانیە و ئەنبار ئەو گەنمەیان پێگەیشتووە.
وا بڕیارە ئەو گەنمە کەنەدییە، لە ئاشی سایلۆکانی ئەو شارانە بکرێتە ئارد و وەک بەشی دووەمی ساڵی 2023، بەسەر بریکارەکانی خۆراک دابەشبکرێت.