لە هەشت مانگدا
ماڵپەڕی شەفافیەت: داهاتی نانەوتيی سلێمانی 154 ملیار دینار کەمی کردووە
964+
ژووری هەواڵ
ماڵپەڕی شەفافیەت داهاتى نانەوتيى هەشت مانگی پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و راپەرینی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەراورد بە هەشت مانگى ساڵى رابردوو، زیاتر لە 154 ملیار دینار داهات کەمی کردووە.
بەگوێرەى ماڵپەڕى شەفافیەت، لە هەشت مانگى ئەمساڵدا داهاتی ئەو شوێنانە 626 ملیار و 391 ملیۆن دینار بووە، لە کاتێکدا لە هەشت مانگى ساڵى رابردوودا بڕەکەى 780 ملیار و 665 ملیۆن دینار بووە، بەو جۆرەش بڕى 154 ملیارو 274 ملیۆن دینار کەمبووەتەوە.
کۆی 520 ملیار دیناری داهاتەکە لە هەشت مانگی ئەمساڵدا کاش بووە، تێکڕای مانگانەش گەیشتووەتە 65 ملیار و 55 ملیۆن دینار.
بەگوێرەى ماڵپەرەکە، بڕى 70 ملیار و 456 ملیۆن دینارى چەک بووە و 35 ملیار و 493 ملیۆن دیناریشى مەقاسە بووە.
ئەو بڕە داهاتە لەمانەوە بەدەستهاتوون: دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، گومرگ، کرێی کێش و پێوەرەکان، پێبژاردن و سزای دارایی، پشکنینەکان، رسووماتی بەخشین، ژینگەی ئۆتۆمبێل، تابلۆ و داهاتی شارەوانییەکان.