"تا ئێستا کەس تووش نەبووە"

لە گەرمیان رێکارەکان لەدژی کۆلێرا و سکچوون تووندتر دەکرێن

ژووری هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆلێرا و سکچوون، توند تر دەکات و دەڵێت، بەرنامەی تایبەتیان بۆ داناوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28.8.2024، بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتییەکە و لیژنەکانی قایمقامیەت، بڕیار درا بە گرتنەبەری رێوشوێنی توندوتۆڵ.

یەکێک لە رێکارەکان ئەوە دەبێت، چاودێرییەکان بۆ کێڵگەکانی سەوزە چڕتردەکرێنەوە بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە سەرچاوەی ئاودانیان و پاکوخاوێنیان.

خواردنگە، فرۆشگا و شوێنەکانی ئامادەکردنی خواردەمەنیش زیاتر پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستیەکان، بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان وا دەڵێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، تاوەکەئێستا هیچ حاڵەتێکی کۆلێرا لە سنووری گەرمیاندا تۆمار نەکراوە.