موچه‌ى دوو مانگیشیان پێده‌درێت

90 ده‌رچووى زانكۆ و په‌یمانگاكان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌خرێنه‌ سه‌ركار

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پڕۆژه‌یه‌ك 90 ده‌رچووى زانكۆ و په‌یمانگاكانى له‌خۆى كۆكردووه‌ته‌وه‌ و هه‌لی كاریان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش نا به‌ڵكو تا ده‌كه‌ونه‌ سه‌رپێیەكانیان ماوه‌ى دوو مانگ موچه‌شیان بۆ دابین ده‌كات.

پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن رێکخراوی فریاگوزاری ئیسلامی جیهان – عێراق به‌ هاوكارى بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانى هەڵەبجە، به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

فریاد نه‌جمه‌دین، به‌ڕێوه‌به‌رى کۆچ و کۆچبەرانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند، ئه‌مه‌ى ئێستا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، قۆناغى یه‌كه‌مى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌یه‌ و له‌ داهاتووشدا قۆناغى دیكه‌ى به‌دواداێت.

وتیشی “له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى خاوه‌نكار و پڕۆژه‌كانى كه‌رتى تایبه‌ت له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ قسه‌كراوه‌، كه‌ ئه‌م ده‌رچوانه‌ به‌پێی پسپۆڕییه‌كانیان لاى خۆیان له‌سه‌ر كار دابنێن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، رێكخراوه‌كه‌ بۆ ماوه‌ى دوو مانگ موچه‌ى بۆ هه‌ریه‌كێك له‌و ده‌رچوانه‌ دابینكردووه‌، كه‌ بۆ هه‌ر مانگێك 500 هه‌زار دیناریان پێده‌دات و له‌ماوه‌یه‌شدا پێویسته‌ كه‌سی ده‌رچوو له‌لاى خاوه‌نكار‌ خۆی بسه‌لمێنیت، كه‌ ده‌توانێت له‌و كاره‌ى به‌رده‌وام بێت.

فریاد نه‌جمه‌دین دەڵێت، دواى ئه‌م دوو مانگه‌ موچه‌ى ده‌رچووه‌كان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى خاوه‌نكاره‌كان، ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندبوون له‌سه‌ر كاركردن له‌ پڕۆژه‌كانیان، ده‌شڵێت “ئامانج لەم پڕۆژەیە دۆزینەوەی دەرفەتی کارە بۆ گەنجان  تا لەو رێگایەوە بتوانن تواناکانی خۆیان بدۆزنەوە و بەردەوام بن لەو کارەی، کە بە پێی پسپۆڕیان بۆیان دەستنیشان دەکرێت”.

له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پاڵپشتى دارایی له‌ 52 گه‌نج ده‌كرێت ...

له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پاڵپشتى دارایی له‌ 52 گه‌نج ده‌كرێت بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كانیان