دوو رۆژی دیكە دەخایەنێت
بێ كارەبایی قەزای دوكانیشی گرتەوە
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ماوەی هەفتەیەك دەبێت، لەقەزای دوكان كارەبایی نیشانمانیی كەمیكردووە، بەڕێوەبەری كارەبای دوكانیش دەڵێت، “بەرنامەكە كاتییە و تەنیا رۆژانی تاقیكردنەوەی 12ی ئامادەیی، كارەبا دەبڕێت”.
لە قەزاكەدا تا ئێستا مۆلیدەی ئەهلی نییە، هەر كاتێك پچڕانی كارەبای نیشتیمانی دروست ببێت، هاوڵاتیان بێ كارەبا دەمێننەوە.
لەبارەی بێ كارەبایی قەزاكەوە، چۆمان ئەسعەد، دانیشتووی دوكانە بۆ 964 وتی، “لەماوەی هەفتەی رابردوو، پێنج جار رۆژانە سێ كاتژمێر كارەبامان بڕاوە، بۆ قەزای دوكان بێ كارەبایی زەحمەتە، لەم گەرمای هاوینە مۆلیدەشمان نییە قەرەبوی بێ كارەباییمان بۆ بكاتەوە، ناچاردەبین لەكاتی پچڕانی كارەبادا لەژوورەوە بێینە دەرەوە و لە باخچەی ماڵەكانمان دابنیشین، گازندەی خۆمان گەیاندووەتە بەڕێوەبەرایەتی كارەبای دوكان و داوامان كردووە بۆمان چارەسەر بكەن”.
سەبارەت بە هۆكاری پچڕانی كارەبای قەزاكە، عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری كارەبای دوكان بە 964ـی وت، “لەدەستپێكی خوولی دووەمی تاقیكردنەوەكانی 12 ئامادەییەوە ئەو پچڕانە لە كارەبای نیشتیمانی دوكان دروست بووە، ئەو بڕە كارەبایەی لە دوكان دەبڕدرێت، وەك قەرەبوویەك دەدرێت بەو ناوچانەی كە بەهۆی تاقیكردنەوەكان بێ بەش دەبن لە كاتی پێدانی كاتژمێری كارەبای دیاریكراوی خۆیان و پێشووتر بەشە كارەباكەی ئەو ناوچانەش دراوە بە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە لە ناحیەی پیرەمەگروون و ناحیەی خدران و چەند ناوچەیەكی دیكە”.
وتیشی، بەرنامەكە لەلایەن ئێمەوە دانەندراوە، كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم بۆ رێكخستنەوەی بەشە كارەبای ناوچەكانی دیكە بەرنامەكەی داڕشتووە، بڕانی كارەبای دوكان كاتییە و تەنیا رۆژانی تاقیكردنەوەیە و دوو رۆژی دیكەش دەخایەنێت.
لەبارەی نەبوونی مۆلیدە لە قەزای دوكان، سیروان لالە سەرحەد، قایمقامی قەزاكە بۆ 964 قسەی کرد و وتی، “دوای 33 ساڵ كارەبای بەردەوامی نیشتیمانی، قورسە بۆهاوڵاتیانی دوكان بەدیلیان بۆ دابنێین، لەبەرئەوە بیر لەمۆلیدە نەكراوەتەوە وەك بەدیلێك بۆ كارەبای نیشتیمانی و كارەبای دوكان بە 24 كاتژمێری و وەكو خۆی دەمێنێتەوە”.
“لەپێنج ساڵی دەست بەكاربوونم، چەند جارێك هەوڵدراوە كارەبای دوكان بكرێت بە بەرنامە، خەڵكی دوكان و ئێمەش وەكو ئیدارەی قەزاكە قبوڵمان نەكردوە” سیروان لالە سەرحەد وای وت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر