11 ھەزار و 137 کەس فۆرمیان پڕکردووەتەوە
614 کەس لە هەڵەبجە دادەمەزرێندرێن
+964
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
ماوەیەک لەمەوبەر بڕیاری دامەزراندن بۆ 500 کەس لە پارێزگای ھەڵەبجە دەرچوو، دواتر بە بڕیارێک ژمارەکە زیادکرا بۆ 614 کەس، بۆ بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە، بڕیارە لە ھەفتەی داهاتوودا 918 کەس پەیوەندییان پێوەبکرێت، بۆ ئەوەی دڵنییا ببنەوە لەو زانیارییانەی کە لە فۆرمەکاندا نووسراون.
11 ھەزار و 137 کەس فۆرمیان پڕکردووەتەوە بۆ دامەزراندن، لەو ژمارەیە 918 کەس جیاکراونەتەوە، بە پێی خاڵبەندی و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو پەیوەندییان پێوە بکرێت.
شاھین حەمە ڕەزا، پارێزگاری ھەڵەبجە بە وەکالەت، بە 964ـی وت: ئەمڕۆ وەفدێکی ئەنجومەنی راژە، سەردانی پارێزگای ھەڵەبجەیان کرد، بۆ روونکردنەوەی میکانیزمی دامەزراندنی ئەو 614 کەسەی بڕیارە دابمەزرێن، وەفدەکەی ئەنجومەنی راژە، رایاندگەیاندووە، کە 11 ھەزار و 137 کەس فۆرمیان پڕکردووەتەوە بۆ دامەزراندن، و لەو ژمارەیە، 918 کەس جیاکراونەتەوە، بە پێی خاڵبەندی و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو پەیوەندییان پێوە بکرێت.
وتیشی بەشێک لەو ژمارەیە وەک یەدەگ دانراون، بۆ ئەوەی لە ئەگەری ئەوەی کەسێک زانیارییەکانی راست نەبن، یان کارتی زانیاریەکەی سەر بە ھەڵەبجە نەبێت، کەسێکی دیکەی شیاوی بخرێتە جێگە.
”دوای راگەیاندنی ناوەکان، رۆژێک دادەنرێت بۆ گرتنی پەڵپ، ھەر کەسێک ناوی لە لیستەکدا نەبێت، و پێی وابێت شیاوی ئەوەیە دابمەزرێت، دەتوانێت پەڵپ لە پرۆسەکە بگرێت.” شاھین حەمە ڕەزا وای وت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر