قایمقام چوو بۆ لایان
ئاژەڵفرۆشەکانی سلێمانی کۆڵ و باریان دەپێچنەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
دوو مانگ مۆڵەت درا بە کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵان لە سلێمانی، تا کەلوپەل و پێداویستییەکانیان بۆ مەیدانە نوێیەکە بگوازنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ قایمقامی شارەکە سەردانی کردن.
نزیکەى هەزار خان و گەوڕ لە مەیدانەکە بوونى هەیە، بە قسەی ئاژەڵ فرۆشەکان، سەرچاوەى بژێوى ژیانى نزیکەى چوار هەزار خێزانى لەسەرە، پێشتر، لەلایەن کۆمپانیایەکەوە حەوت رۆژ مۆڵەت بە ئاژەڵفرۆش و کاسبکارانى مەیدانى ئاژەڵفرۆشانى سلێمانى درابوو کە مەیدانەکە چۆڵ بکەن، بەڵام ئەوان چۆڵیان نەکرد.
کێشەى ئاژەڵدارانى مەیدانەکە ئەوەیە، کۆمپانیایەک زەوى مەیدانەکەى وەرگرتووە و دەیکات بە پڕۆژەى نیشتەجێبوون، شوێنێکى دیکە بۆ مەیدانى ئاژەڵانى سلێمانى لە گوندى یەک ماڵەى نزیک عەربەت دیاریکراوە و کۆمپانیایەکى دیکە جێبەجێى دەکات و بۆ هەر 200 مەترێک بڕى 10 ملیۆن دیناریان لێوەردەگرێت.
ئەمڕۆ ئاوات محەمەدی قایمقام سەردانی کردوون، قایمقامیەتی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە 27.8.2024 دەڵێت، قایمقام سەرەڕای ئەوەی بەوردی گوێبیستی داواکاری کاسبکاران بوو، پێی راگەیاندن بەهۆی فراوانبوونی گەڕەکەکانی سلێمانی و لەپێناو جێبەجێکردنی رێنماییە ژینگەیی و تەندروستی و ڤێتێرنەرییەکان گواستنەوەی مەیدانی ئاژەڵ بووە بە پێویستی و لەبەرژەوەندی هەموولایەک دەبێت.
ئەوەشی بە کاسبکارەکان وتووە، لەپێناو سوودی ئەو کاسبکار و خاوەن ئاژەڵانەی لەو شوێنەدا کار دەکەن، ماوەی دوو مانگ دەرفەت دەدەن بۆ ئەوەی کارەکانی گواستنەوەی مەیدانی ئاژەڵەکە کۆتایی بێت، لە بڵاوکراوەکەدا ئەوە نوسراوە، “قایمقامی سلێمانی بەڵێنی پێدان هەوڵی تەواو بدات هەرچی لە بەرژەوەندی کاسبکاراندا بێت ئەوەیان بۆبکات و ببێت بە نوێنەریان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان”.
چەند جارێک ئەو کاسبکارانە نیگەرانییان لە گواستنەوەیان هەبووە، هەر رۆژی 24.7.2024، چەند کەسێک لە کاسبکارانی مەیدانەکە دەستگیرکران و نوێنەری کاسبکارەکانیش فاروق ئەحمەد، ئەوکات بە 964ـی وت، نزیکەی 30 کەس لە کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵان دەستگیرکراون و ئەم بەیانییەش سێ کەسی دیکە دەستگیرکراون.
“هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ئەوە بووە چەند کاسبکارێک دوێنێ هێرشیان کردووەتە سەر کەلوپەلەکانی کۆمپانیایەک و شکاندوویانە، هەر بۆیە لە دوێنێ شەوەوە دەستکراوە بە دەستگیرکردنیان”، ئەو رۆژی 24.7.2024 وای وت.