جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق:

“سودانى بڕیاریدا تەوجیە بدات بە سەرفکردنى موچەى دەزگا ئەمنى و سەربازییەکان”

964+

وریا فەتاح

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ سودانى، بڕیاریدا تەوجیە بدات بە سەرفکردنى موچەى دەزگا ئەمنى و سەربازییەکان بۆ مانگى 7 و هەفتەى داهاتووش مانگى 8 سەرف بکرێت، لەبارەى ئەو فەرمانبەرانەشى بایۆمەتریان نەکردووە دوو پێشنیاز خراوەتەڕوو.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە پەیجى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاوى کردەوە کە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان کردووە لە بارەى موچە و ئەویش بڕیاریدا ئەمڕۆ تەوجییە بدات بە خەرجکردنى موچەى دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بۆ مانگی 7 و هەفتەی داهاتوو مانگی 8 خەرج بکرێت.

باسى لەوەشکردووە، لە بارەی ئەو گرفتانەی وەزارەتی دارایی حکومەتى ناوەندى دروستی کردوە بەبرینی موچەی چەند توێژێک بەتایبەت ئەوانەی دوو جار ناویان هاتووە ئەوانەن کە فەرمانبەرن لە هەرێم و موچەی چاودێری کۆمەڵایەتیان هەیە، نوسراو ئاراستەی وەزارەتی کاری ئیتحادی بکرێت بۆ ئەوەی موچەیان ببڕێت نەک بڕینی موچەکانیان کە سەربە حکومەتی هەرێمە.

لەبارەى ئەو موچەخۆرانەش کە بایۆمەتریان نەکردووە، شاخەوان عەبدوڵا وەک لە پۆستەکەیدا روونى کردووەتەوە بە سەرۆک وەزیرانى عێراقى وتووە،”ئەوەی بایومەتری نەکردوە مانای ئەوە نییە وجودی نییە و نابێت موچەکانیان ببڕن هاوشێوەی ئەوان لە حکومەتی ئیتحادیش هەیە و بایومەتریان نەکردووە”.

بۆ ئەو پرسە شاخەوان عەبدوڵا پێشنیارى کردووە کە گشتاندنێک بکرێت بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی ئیتحادی و هەرێم کە دەبێت ئەو پرۆسە لەماوەی ماوەیەکى زەمەنى تەواو بکرێت بە پێچەوانەوە موچەکانیان ببڕن، نەک لە ئێستاوە ببڕدرێت.

“لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لەوەشکردووە حکومەتى هەرێم لەو پڕۆسەیە زۆر خێرایە و لەسەرەتاى ساڵەوە لە کۆى 600 هەزار فەرمانبەر کە مابوون و بایۆمەتریان نەکردووە ئێستا تەنیا 100 هەزار ماوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە”، شاخەوان عەبدوڵا واى نوسیوە.

وەک خستوویەتییە روو، لە کۆبوونەوەکەدا دڵنیایى دراوە هەرچى هەوڵ هەیە دەخرێتەگەڕ بۆ ئەوەى بابەتى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە “میزاجى شەخسى” وەزیرێک یان کەسێک دەربکەن و بچێتە چوارچێوەى دامەزراوەى فەرمى هەردوو حکومەتى هەرێم و ناوەند بە یاسا بەرکارەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ 51 رۆژ بەسەر دواین دابەشکردنى چومەدا تێدەپەڕێت و تائێستاش هیچ یەک لە وەزارەتەکانى دارایى هەرێم و عێراق، کاتێکى دیاریکراویان بۆ دابەشکردنى موچەى مانگى رابردووى فەرمانبەران و موچەخۆرانى هەرێم، نەخستووەتەڕوو.

وەزارەتی دارایی: هیچ ناوێک بۆ لیستی موچە زیاد نەکراوە

وەزارەتی دارایی: هیچ ناوێک بۆ لیستی موچە زیاد نەکراوە