پێنج هەزار بدە و موچەکەت بۆ دەهێننە ماڵەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

بانكی مەڵكەندی كە بانكێكی حكومییە لە سلێمانی لە رێگەی نوسینگەكانیەوە موچە بە خانەنشینان دەگەیەنێت و لەبەرامبەردا پێنج هەزار دیناریان لێوەردەگرێت، ئەوەشی وەك ئۆفەر راگەیاندووە.

بانكی مەڵكەندی رۆژی سێشەممە، 24/1/2023 راگەیەندراوێکی لە فەیسبوکی خۆیان پۆستکردووە و دەڵێت، هەموو خانەنشینێك دەتوانێت داوابكات موچەكەی بۆ بڕواتە ماڵەوە، واتە لە ماڵەوە موچەكەی وەربگرێت بەبێ ئەوەی سەردانی بانك بكات.

بانكەكە مەرجێكی بۆ ئەم ئۆفەرە داناوە و دەڵێت، بڕی پێنج هەزار دینار لە هەر خانەنشینێک وەردەگیرێت بۆ هەر مانگێک و ئەمە تەنیا خانەنشینانی شارستانی دەگرێتەوە.

کەسی خانەنشین دەتوانێت لەسەر رەزامەندی خۆی داوا بكات فۆرمێك تایبەت بە خۆی پربكاتەوە كە زانیاری كەسی خانەنشینی لەسەر نوسراوە واتە ناو، ژمارەی ناسنامە، ناونیشان، ژمارەی تەلەفون، چەند زانیاریەكی دیكە.

بڕیارە مانگی داهاتوو خانەنشینان موچەکانیان بە کارتی ئەلیکترۆنی وەرگرن و لە کۆڵ نۆرە گرتن ببنەوە.