"پانکە بەر مللی کەوتووە"
تازە زاوایەکی تەمەن 15 ساڵ بەهۆی پانکەوە گیانی لەدەستدا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
پانکەیەکی نەگریس، شەوی رابردوو بەر ملی تازە زاوایەک دەکەوێت کە تەنیا 10 رۆژە ژیانی هاوژینی پێک هێناوە و بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدات.
تازە زاواکە، تەمەنی 15 ساڵە و ئاوارەیەکی بە رەگەز عەرەبی نیشتەجێی شاری کەرکوکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25.8.2024، سامر جومعە ئەلعەزی، ئامۆزای ئەو تازە زاوایەی گیانی لەدەستداوە بە964ـی وت، “ئەوان خەڵکی گوندی بعێسەی قەزای عوزێمن، چەند ساڵێکە ئاوارەی شاری کەرکوکن و لە گەرەکی یەکی حوزەیران نیشتەجێن”.
تازە زاوا ماوەی 10 رۆژە ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو و لەگەڵ ماڵی دایکی ژیانی بەسەردەبرد، ئەو ئامۆزایەی وتیشی، “تازە زاواکە، دوێنی شەو وتوویەتی دایکە دێمە لای تۆ دەخەوم، دایکیشی پێ وتووە تۆ تازە زاوایت بڕۆ لای خێزانت بخەوە، زاوا رۆشتووەتەوە بۆ ژوورەکەی خۆی و ویستوویەتی بەتانییەک لەسەر کانتۆرەکە دابگرێت، کەچی دۆشەکەیی ژێری ئیسپرینگی کردووە و بەتانێکە لە پەنکەکە ئاڵاوە”.
بەهۆیەوە، “پانکەکە کەوتووە بەسەریدا و بەر مللی کەوتووە و دەست بەجێ گیانی لە دەستداوە”، ئەوەش بە قسەی ئامۆزاکەی کە تۆمارەکەی لەلای 964 هەیە، هەروەک بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە تەرمەکەی لە یەکێک لە گۆرستانەکانی کەرکوک بەخاک سپێردراوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هۆبەی پزیشکی دادی کەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە 964ـی وت، “بەداخەوە ئەو رووداوە راستە، ئەو گەنجە باڵی پانکەیەکی سەقف بەر مللی کەوتووە و بووە بە هۆکاری گیان لەدەستدانی”.
وتیشی، “دوای تەواوکردنی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە، درەنگانی شەوی رابردوو تەرمەکەمان رادەستی کەسوکارەکەی کردووەتەوە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا