نەعلی پێشمەرگەو شەڕواڵی ئەفغانی و دەردە شانۆ
جانۆ رۆژبەیانی لە هۆلیودەوە گەڕایەوە و لێرە خانووەکەی لەسەر فیلمێک دانا
+964
ژووری هەواڵ
ئەوەی پەیوەست بێت بە سینەماوە ئەم لێی دەزانێت، جانۆ رۆژبەیانی؛ فیلمسازە، دەرهێنەرە سیناریستە، کورت و پوخت وەستایەکی شارەزای فیلمە و لە ئەمریکا و لە وڵاتانی گەورەی دنیاوە دەستی پێکردووەو هەر خۆیشی خاوەنی یەکەمین فیلمی سینەمایی ئەم هەرێمەی خۆمانە.
جانۆ لە پۆدکاستێکی 964 میوانە و ورد ورد باسی حاڵی سینەمای کوردی دەکات و دەردەکانی دەستنیشان دەکات و چارەشی پێیە، دەڵێت ”زۆرینەی فیلمەکانی دنیا کورد بە نەفام پیشان دەدەن، فیلمسازی خۆشمان فیلم تەنیا بۆ فێستیڤاڵەکان دەکەن”.
جانۆ رۆژبەیانی لە زاخۆ فامی کردووەتەوە، بەڵام خۆی لە زوممار لەدایکبووە، تەمەنی 16 ساڵ بووە کە لەساڵی 1976 چووتە ئەمریکا و تا ئەم دواییەش هەر لەوێ بووە.
کەسێک حەزی لە فیلم و فیلمسازی بێت، وەک دەڵێن ”نیعمەتی خوایە” رێی بکەوێتە لۆس ئەنجلۆس پایتەختی فیلمی دنیاو خاوەنی هۆلیود، جانۆ ئەوەندە بەختی هەبووە چەند ساڵ هەر لەوێ ژیاوەو لەگەڵ فیلمسازەکانی ئەوێ مامەڵەی کردووە، بۆیە زوو بووەتە وەستایەکی لێزانی فیلم.
پۆدکاستەکەی 964 ناوی (سکرین شووت)ە، بڵند عەلی پێشکەشی دەکات کە خۆی هەم دەرهێنەرەو سیناریستەو هەم سەری لە دروستکردنی فیلم دەخورێت، جا ئەم ئەڵقەیە بۆ بڵند زۆر گرنگە، دان بەوەدا دەنێت کە بەهۆی فیلمێکی جانۆ رۆژبەیانییەوە حەزی چووەتە فیلم و بڕیاریداوە یەکەم کورتە فیلمی خۆی دروست بکات.
جانۆ رۆژ بەیانی گەشبینە بەوەی بتواندرێت حاڵی سینەمای کوردی باش بکرێت، بەڵام پێوەی دیارە داخ لە دڵیشە، کاتێک بڵند لێی دەپرسێت بۆچی ئێمە لە باشوور ئەوەندە لە دروستکردنی فیلم دواکەوتین؟ رۆژبەیانی دەڵێت ”ئێمە لە وڵاتێکداین کە عێراقەو وەک ئێران و تورکیا کەلتوری سینەما تیایدا باو نییە، ئەمە جگە لەوەی ئەکادیمیای سینەمامان نییەو زوو زوو وۆرک شۆپ ناکرێتەوە، بۆیە لەوەدا دواکەوتووین سینەمامان نییەو دراماکانیشمان شانۆیین”.
جانۆ زۆر جوان دەست دەخاتە سەر ئەو دەردە شانۆیە کە خەڵکیش هەستی پێکردووە دەڵێت ”ئەکتەرەکانی ئێمە چونکە پەروەردەی شانۆن، لە فیلم و دراماشدا هەروەک شانۆکار مامەڵە دەکەن، تۆ دیقەت بدە ئەگەر چاویشیان لەسەر کامێرا نەبێت، ئەوا مێشکیان هەر لای کامێرایە، کێشەیەکی تریشمان سیناریۆو تێکستە بڕوانە لە قسەکردنی ناو درامایەکدا چەند جار چۆنی و باشی دووبارە دەکرێتەوە”.
لەمەیاندا ئەزموونێکی خۆی باس دەکات کاتێک دەرهێنەری فیلمێکی جیهانی بووەو ئەکتەرەکانی هەمووی پسپۆڕو لێزان بوون، دەڵێت ”بۆ دەرهێنەرێک سەرکەوتنە ئەکتەرەکان 75% ئەوە جێبەجێ بکەن کە دەیەوێت، لەو فیلمەدا لەوە زیاتریان کردو 100%یان وەک ئەوە کرد کە من دەمەوێت” بڵند عەلی قسەکە لە دەمی وەردەگرێتەوەو دەڵێت ”لای ئێمە 50% جێبەجێ بکەن شوکورین”.
جانۆ رۆژ بەیانی گلەیی دەکات کە ویستویەتی بەرهەمی هۆلیود بهێنێتە کوردستان، بەڵام لە دەستیان رفاندووە ”بەرهەمێک هەبوو بودجەکەی 80 ملیۆن دۆلار بوو، راویان نان، ئەوانیش چوون لە جۆرجیا بیکەن”.
زۆر بە پێویستی دەزانێت ئەو فیلمانە بێنە لای خۆمان، چونکە ”لە دنیای دەرەوە بەتایبەتی لای ئەمریکییەکان هێشتا لە ئێمە تێناگەن و کورد بە نەفام پیشان دەدەن، لای ئەوان تائێستا پێشمەرگە نەعلی لە پێدایەو شەڕواڵی کوردی و جلی ئەفغانی فەرقی نییە، ئێمە دەبێت ئەو فیلمانە بێنینە ئێرەو تێگەیشتنە غەڵەتەکان راست بکەینەوە”.
بڵند لە جانۆ دەپرسێ: باشە دوای ئەو هەموو ساڵە لە خزمەت و کاری گەورە، چۆن دەبێت بۆ دروستکردنی فیلمێک خانووەکەت بفرۆشیت، جانۆ پێدەکەنێت و دەڵێت ” welcome to kurdistan”.
ئەڵقەی ئەمجارەی (سکرین شووت) زۆر بەچێژەو پڕە لە گفتوگۆی ترش و شیرین، هەمووی بەسەر یەکەوە شتێک لە 58 خولەک زیاترە، پێشنیارتان بۆ دەکەین بیبینن.