رۆژنامەنووسانی وەرزشی یانەی هەولێر وازیانهێنا
میدیازان – فەرمان سادق – هەولێر
راگەیاندکارانی وەرزشی یانەی وەرزشی هەولێر وازهێنانیان لە یانەکەیان راگەیاند. فۆتۆگرافەرێکی یانەکە دەڵێ، بە پاساوی نەبوونی پارە پابەندی گرێبەستەکە نەبوون بۆیە وازمان هێنا، ئێستاش موچەی دوو مانگمان لایانە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٤ـی تشرینی یەکەم، رۆژنامەنووسێکی وەرزشی و سێ فۆتۆگراف و دیزاینەرێکی یانەی وەرزشی هەولێر بەیەکەوە وازهێنانیان لە یانەکەیان راگەیاند.
سانی ناسح کە یەکێکە لە فۆتۆگرافەرانی یانەی وەرزشی هەولێر بە میدیازانی راگەیاند، هۆکاری سەرەکی وازهێنانیان بۆ پابەند نەبوونی کارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر بە گرێبەستی نێوانیان گەڕاندەوە.
زیاتر وتی “دوێنێ، دوا کۆبوونەوەمان لەگەڵ کارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر کرد، ٢٠ خاڵمان بۆ پێشخستنی لایەنی فۆتۆگرافی و رۆژنامەنووسی وەرزشی یانەکە خستەڕوو، تەنیا یەکێکیان پەیوەندی بە گرێبەستەکەوە هەبوو کە داوامانکردووە موچەکەمان لە ٤٠٠ هەزارەوە بکرێت بە ٥٠٠ هەزار”.
بە قسەی فۆتۆگرافەرەکە بێ، ١٩ خاڵەکەی تر بۆ پێشخستن و خزمەتکردنی لایەنی میدیایی یانەکە بووە، لەوانە داوای دابینکردنی کامێرای پێشکەوتوو و کەرەستەی فۆتۆگرافەرییان کردووە، هەروەها داوای دروستکردنی ستۆدیۆیەکیان کردووە کە بتوانن باشتر کاری رۆژنامەوانی وەرزشی یانەکە ئەنجامبدەن.
جگە لەو سێ فۆتۆگرافەرە، ئەوا رۆژنامەنووسێکی وەرزشی و دیزاینەرێکیش بەیەکەوە وازیان هێناوە، کە هەموویان بەیەکەوە دوای هەڵبژاردنی دەستەی نوێی کارگێڕی یانەکە لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵەوە دەستبەکاربوونە.