کریستیانەکانی کوردستان قورئان دەبەخشنەوە

+964

هێرۆ مەولودی

وەک وەڵامێک بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید، کریستیانەکانی کوردستان قورئان دەبەخشنەوە، ئانۆ جەوهەریش دەڵێ: باپیرەم هەموو کات رێنوێنی دەکردم کە قورئانی پیرۆز بخوێنمەوە.

کەمێک پێش ئێستا، شاندێک لە کەسایەتییە کریستیانەکانی عەنکاوە کە ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی کریستیان لە پەرلەمانی کوردستانیشیان لەگەڵ بوو، سەردانی ئۆفیسی سەرەکی یەکێتی زانایانی کوردستانی لە هەولێر کرد، لەلایەن عەبدوڵلا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لێکرد و ژمارەیەک کتێبی قورئانی پیرۆزی پێشکەش کردن بۆ مزگەوتەکان.

سەردانەکە وەک پەیامێک بوو بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن هاوڵاتییەکی سویدی لە چەند رۆژی رابردوودا، ئانۆ جەوهەر لەسەر سووتاندنی قورئان دەڵێ: ئەوەی روویدا، هەڵسوکەتێکی دوور لە ئەخلاقی ئینسانی بوو کە کەسێک یان دووان ئەنجامیان داوە، ئەون تەنیا نوێنەرایەتی ئاست نزمی خۆیان دەکەن.

“هاتووین هاوسۆزی و پشتیوانی خۆمان بۆ هاونیشتمانیانی موسڵمانمان لە کوردستان دەرببڕین”.

وەزیری گواستنەوەو گەیاندن کە تاکە وەزیری کریستیانە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: چەند سەد دانەیەک لە قورئانی پیرۆزمان هێناوە، تاوەکو پێیان بڵێین ئەمە نیشانەیەکە بۆ پێکەوە ژیان لە کوردستان.

ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد کە باپیرەی هەموو کات رێنوێنی کردووە کە قورئانی پیرۆز بخوینێتەوە بۆ ئەوەی فێری زمانی عەرەبی ببێت و ئەو کەسانەش بناسێ کە لەگەڵیان دەژیت.

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا کە تۆڕی964 چاودێری دەکرد، لای خۆیەوە عەبدوڵلا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی کوردستان رایگەیاند، ئەو هەنگاوە نیشاندانی ئەو برایەتییە پتەوەیە کە بە درێژایی مێژوو لەنێوان پێکهاتەکان لە کوردستان هەیە، بەتایبەت لەنێوان موسڵمان و کریستیانەکان.