قاچاخ بووە
ئاسایشی هەولێر دەستی بەسەر دوو بارهەڵگر دەرمانی پزیشکیدا گرت
964+
شۆڕش قادری
ئاسایشی هەولێر دەڵێت، دەستیان بەسەر دوو بارهەڵگری بەقاچاخ بردنی دەرمانی پزیشکیدا گرتووە کە بەنیازبوون دەرمانەکان ببەنە دەرەوەی هەرێم.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لە لایەن هێزەکانمانەوە لە دەرنگانی شەوی 17.8.2024 لە رێگای نێوان هەولێر – موسڵ دەستمان گرت بەسەر دوو بارهەڵگر لەجۆری تانکەر و بەڕاد، کە بڕێکی زۆر دەرمانی پزیشکی تێدا حەشار درابوو بەدەر لە رێنمایە پزیشکیەکانی هەڵگرتنی دەرمان”.
“ئەو دوو بارهەڵگرە بەنیازبوون ئەم دەرمانە پزیشکیانە بەشێوەی قاچاخ ببەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان”، ئاسایشی هەولێر وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (هـ ، ع ، ق) و (هـ ، أ ، أ) کە شوفێرو و خاوەنی دەرمان و بارهەڵگرەکان بوون دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.