بەهۆی 300 ملیۆن دینارەوە نۆ ساڵە تەواو نەکراوە
964+
مجید بتوێنی – قەڵادزێ
پڕۆژەی پردی دەروازەی قەڵادزێ ماوەی نۆ ساڵە بەتەواو نەکراوی ماوەتەوە، بەرپرسانی شارەکەش قەیرانی دارایی بە هۆکار دەزانن.
پردی دەروازەی شاری قەڵادزێ لە قەزای پشدەر لەساڵی 2013ـدا بەبڕی دوو ملیار دینار چووە بواری جێبەجێکردن، بەڵام قەیرانی دارایی نەیهێشت تەواو بێت.
رێبوار ئەوڕەحمان، شۆفێرە و بە تۆڕی964ی وت: بە تەواوکردنی پڕۆژەی پردی دەروازەی شاری قەڵادزێ، بەشێکی زۆری گرفتی هاتوچۆ چارەسەر دەکات و رووداوەکانی هاتوچۆش کەم دەکاتەوە.
964+ دەزانێت، پردەکە درێژییەکەی 190 مەترەو پانیەکەی 12 مەترە.
وشیار رەشید، هاوڵاتییەکی قەڵادزێیە و دەڵێت، جگە لەوەی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان گرنگە پردەکە تەواو بکرێت، سیمایەکی جوانیش دەبەخشێت بە شارەکە.
ئارام محمد، سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ بە تۆڕی964+ـی راگەیاند، سەرجەم کارە هونەری وئیدارییەکان بۆ دووبارە خەرجکردنەوەی پارە بۆ پڕۆژکە تەواو کراوە و تەندەر ئاشکراکراوە، ماوەتەوە کۆمپانیایەک پڕۆژە وەربگرێت.
وتیشی “تائێستا تەندەرەکەی دووجار بانگەوازی ئاشکرای بۆکراوە، بەڵام هیچ کۆمپانیایەک وەری نەگرتووە”.
پڕۆژەی پردی قەڵادزێ لە 80% ی کارەکانی ئەنجام دراوە، بۆ ئەوەی بەڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە پێویستی بە 300 ملیۆن دیناری ترە، جگە لەو پرۆژەیە لە قەزای پشدەر چەندین پرۆژەی تر پەکیان کەوتووە و راوەستاون.