تۆمار هەر وەستاوە و ئەمەشی خوڵقاندووە

بەشە بایەعی هاوژینە تازەکان هەر دایک و باوکیان بۆیان وەردەگرن

964+

محەمەد عەلی ـ پشدەر

وا دوو ساڵ زیاترە لە قەڵادزێ مامەڵەی فۆڕمی خۆراک وەستاوە، نزیکەی دوو هەزار هاوڵاتی لە چاوەڕوانی کردنەوەی دەرگای خێری فۆڕمەکەن، بەشی خۆراکی پشدەریش دەڵێت، ”هیچ شتێک لە دەستەڵاتی ئەواندا نییە، ئەوە عێراقە هەموو مامەڵەیەکی خۆراکی وەستاندووە”.

ژمارەی دانیشتووانی قەزای پشدەر، نزیکەی 140 هەزار کەسە، لەو ژمارەیە نزیکی 80 هەزار کەس دانیشتووی ناوەندیی قەڵادزێ-ن.

رەنگە ئەمە دیارترین چیرۆکی کاریگەری وەستانی تۆماری نوێی فۆڕمی خۆراک بێت، ئاوات حەسەن، هاوڵاتییەکی دانیشتووی قەڵادزێیە بە 964ی وت، ”دوو ساڵە هاوسەرگیریم کردووە، بەشە خۆراکی خۆم و هاوسەریشم، جیانەکراوەتەوە لە ماڵی یەکەممان و هەریەکەمان لە ماڵی باوکمان خۆراکەکانمان بۆ وەردەگرن”.

هەر ئەو نا، دانا ئەحمەد، یەکێکی دیکەیە لە نیشتەجێبووەکانی قەزای قەڵادزێ و بە 964ـی وت، زیاتر لە دووساڵە مناڵێکمان  لەدایک بووە، ویستمان مامەڵەیی خۆراکی بۆ بکەین، وتیان راگیراوە ئەم مامەڵەیە، پێشووتر کەمتر لە ساڵێکی پێ نەدەچوو دەگەڕایەوە بەشەخۆراکی منداڵ زیاد دەکرا، بەڵام ئێستا زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت لە سنووری ئێمە ناکرێت و دەڵێن راگیراوە”.

بڕیاری وەستانی تۆمارکردنی فۆڕمی خۆراکی نوێیە بەهۆکاری دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنی خۆراکە، ئەمیر محەمەد، فەرمانبەری بەشی خۆراکی پشدەر، بە 964ـی وت، “مامەڵەی خۆراکی منداڵی تازە لەدایکبوو یان ئەوانەی تازە هاوسەرگیریی دەکەن، نزیکەی دوو هەزار کەس سەردانیان کردوون مامەڵەمان بۆ بەشێکیان کردووە و ناردوومانن بۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بەڵام ئێستا هیچ ناوێک نەگەڕاوەتەوە”.

“باشتر وایە ئەو هاوڵاتییانە دووبارە هەمان مامەڵە بکەنەوە، خۆیان بچن لە بەشی خۆراکی سلێمانی لەوێ پەنجەمۆر بکەن، ئەوانیش راستەوخۆ بۆ عێراقی دەنێرن، بڕیاری گەڕانەوە و نەگەڕانەوەشی دیار نییە و لە دەستەڵاتی عێراقدایە، بەڵام هاوڵاتیان ئاوا باشترە ئەو هەنگاوە بنێن، ئێستا لەلای ئێمە هیچ مامەڵەیەکی لەوجۆرە ناکرێت و راگیراوە”، ئەمیر محەمەد وای وت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

مانگ و نیو تێپەڕی و خەڵکی قەڵادزێ هەر چاوەڕێن

مانگ و نیو تێپەڕی و خەڵکی قەڵادزێ هەر چاوەڕێن