جگە لە خۆبەخشەکان
100 هەزار کارمەندى تەندروستى بۆ یادى چلەى ئیمام حوسێن ئامادەن
964+
وریا فەتاح
وەزیرى تەندروستى عێراق رایدەگەیەنێت کە 100 هەزار کارمەندى و پزیشکى تەندروستى، لە چوارچێوەى پلانى تەندروستى بۆ یادى چلەى ئیمام حوسێن ئامادەن و خزمەتگوزارى تەندروستى پێشکەش بە زیارەتکاران دەکەن.
ساڵح مەهدى حەسناوى وەزیرى تەندروستى عێراق بە ئاژانسى دەنگوباسى عێراقى راگەیاندووە، پلانێکى تەندروستى تۆکمە ئامادەکراوە بۆ یادى چلەى ئیمام حوسێن و لە سێ رووەوە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان پێشکەش بە زیارەتکاران دەکرێت، یەکەمیان: پەیوەندی بە لایەنی دەرمانسازییەوە هەیە بە دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە پزیشکییەکان، دووەم بریتییە لە هۆشیاری، رێنماییکردن، کۆنترۆڵکردنی تەندروستی، و وەرگرتنی نمونە و نمونەی خۆراک بۆ پشکنین و دڵنیابوون لە سەلامەتییان.
“پلانێکى دیکەى تەندروستیش بریتییە لە جێگیرکردنی ئامبووڵانیش و تیمى پزیشکى کە لە نێوان هەر پێنج بۆ 10 کیلۆمەترێک ئەمبوڵانسێک بە تیمى پزیشکییەوە دانراوە بۆ روودانى هەر ئەگەرێ”، وەزیرى تەندروستى عێراق وا دەڵێت.
وەک ئەوەى وەزیرى تەندروستى باسى لێوەکردووە، جگە لەو ستافە گەورەیەى کە لە 100 هەزار کارمەند و پزیشک پێکدێت، خۆبەخشەکانیش بەشێکن لە پلانەکە.
تا ئێستا زیاتر لە 250 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و مونزەرییەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا.