فرۆشتنى مریشکى بن قاعە و نەخۆش
مریشکفرۆشێکى هەڵەبجە رووبەڕووى رێکارى یاسایى دەکرێتەوە
964+
وریا فەتاح
شەوى رابردوو کەسێک لیژنە قایمقامیەتى هەڵەبجە ئاگادار دەکاتەوە کە مریشکى خراپبوو لە دوکانێکدان و دەفرۆشرێن، سەرۆکى لیژنەکەش لەگەڵ تیمێک بەیانى ئەمڕۆ دەچێت پشکنینیان بۆ بکات و دەردەکەوێت بەشێکى زۆرى مریشکى نەخۆش و بن قاعە و ئیفلیجن.
فەلاح نامیق، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەت بە 964ـى راگەیاند: دواى ئەوەى لەسەر سکاڵاى هاوڵاتییەک سەردانى دوکانى مریشکفرۆشییەکەمان کرد و پشکنینمان بۆ مریشکەکان ئەنجام دا، دەرکەوت نەخۆش و ئیفلیج و بن قاعەى تێدایە.
مریشکى بن قاعە چییە؟
بە وتەى فەلاح نامیق، ئەو مریشکانەن کە گۆشتەکەیان هیچ سوودێکى تەندروستى نییە و میکرؤبەکان لە لەشیدا دەرنەچوون و مەترسى گواستنەوەی نەخۆشى لێدەکرێت.
“دوکانەکە 80 کیلۆ مریشکى هەبووە کە 37 کیلۆیان خراپ بووە و دەستى بەسەرداگیراوە”، سەرۆکى لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەتى هەڵەبجە واى وت.
وەک ئەوەى فەلاح نامیق باسى دەکات، پێویستە هەر مریشکفرۆشێک ئەگەر بیەوێ مریشک سەرببڕێت، دەبێت کارتى تەندروستى دەربهێنێت، ئەگەریش مریشک سەرببڕیت و بیخاتە بەڕادەوە دیسان دەبێت مۆڵەتى تەندروستى هەبێت.