بەهۆی بەکارهێنانی شاشە ئەلیکترۆنیەکانەوە
60 بۆ 75% ئەوانەی چاویلکەیان بۆ دروست دەکرێت منداڵن
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بەکارهێنانی زیادی شاشەکان کاری کردووەتە سەر ئاستی بینینی منداڵان و پشکنەر و پسپۆری دروستکردنی چاویلکەیەکیش دەڵێت، رێژەی 60% تا 75 ئەوانەی ئێستا پێویستیان بەدروستکردنی چاویلکەیە منداڵن.
نەزیر عەبدولقادر، پشکنەر وپسپۆری دروستکردنی چاویلکە قسەی بۆ 964 کردو و وتی، “دەتوانم بڵێم رێژەی %57-60 ئەوانەی ئێستا پێویستیان بەدروستکردنی چاویلکەیە منداڵن.
روونیشیکردەوە، زۆربەی ئەو کەسانە تەمەنیان لە نێوان دوو تا 20 ساڵدایە، رێژەی دابەزینی ئاستی چاو لەو کەسانەدا زیاترە کە تەمەنیان لە خوار 12 ساڵیدایە.
باوترین کێشەکانی چاو لە منداڵاندا بریتین لە، وشکبوونی چاو، لاواز بوونی بینین، شکانی چاو یان شکانی بینین و دوو بینینی (ازدواجیة النظر)
بەپێی لێدوانی نەزیر عەبدولقادر، دوور خستنەوەی منداڵ لە شاشە ئەلیکترۆنییەکان زەحمەتە، بەڵام دەتوانن بەشێوەیەکی رێک و پێک مامەڵە لەگەڵ ئەم دوخە بکەین بۆ هەموو رۆژێک رێگە بدرێت، دوو کاتژمێر شاشەکان بەکاربهێنن ئەویش بە دابەشکردن کردنی کاتەکە بەسەر چوار نیو کاتژمێری، بۆ هەر نیو کاتژمێرێکیش ماویەک پشوودان هەبێت
ئەم پشکنەرە پێیوایە، مەترسی گەورە لەسەر چاوی منداڵان هەیە لەکاتی شکانی شاشەکاندا چونکە منداڵەکە فۆکسێکی زیاتر بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی شوێنی شکانی شاشەکە بە بینینێکی باشتر قەرەبوو بکاتەوە، واتە تێبگات چی لەو بەشەی شکاوە هەیە و دەشڵێت، بەکارهێنانی شاشەی گەورە زیانی کەمترە بەراورد بە شاشەی بچوک.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر