تیمەکانی تەندروستی وادەڵێن

“بێخەم سەوزەی کەلار بخۆن تەندروستە”

+964

میلاد جەلال – گەرمیان

بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی حاڵەتەکانی سکچوون و کۆلێرا لە گەرمیان، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان ھەڵمەتی گەڕان و پشکنینی کێڵگەکانی سەوزەیان ئەنجامدا، دەڵێن “سەوزەی کەلار تەندروستە”.

سەوزەی کەلار بەھۆی خۆشی تامەکەی ناوبانگی رۆیشتووە، رەوانەی زۆربەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان و خواری عێراقیش دەکرێت.

تۆفیق محەمەد، لێپرسراوی ھۆبەی چاودێری تەندروستی گەرمیان بە 964ـی وت،”لە مانگی پێشووە دەستمانکردوە بە سەردانی سەرجەم کێڵگەکانی سەوزە و پرۆژەکانی ئاودێری لە قەزای کەلار، پشکنینمان بۆ ھەموویان کردووە و بە ئاوی خاوێن ئاو دەدرێن”.

کێڵگەکانی سەوزە بە ئاوی ناعور ئاو دەدرێن، پشکنین بۆ ھەموویان کراوە، سەوزەی کەلار گرفتی تەندروستی نییە و خاوێنە، ھاوڵاتیان بەبێخەم دەتوانن بیخۆن، لیژنەکانیشمان بەردەوام چاودێریان دەکەن”تۆفیق محەمەد وای وت.

لە قەزای کەلار بەپێی وەرزەکان رووبەری زەوی چێندراو بە سەوزە دەگۆڕێت، بەپێی ئاماری کشتوکاڵی کەلار لەم وەرزەدا بەھۆی گەرما نزیکەی 200 دۆنم لەلایەن جوتیارانەوە کراوە بە سەوزە، لەھەندێک وەرزەکان نزیک ئەبێتەوە لە دوو ھەزار دۆنم.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

هەر بەقاڵێک بڵێ

هەر بەقاڵێک بڵێ "وەرنەوە بۆ سەوزە و توری کەلار" فرۆشی باش دەبێت