گوندەکە فراوان دەکرێت
چیتر خانوەکانی گوندێکی سلێمانی بە زیادەڕۆ هەژمار ناکرێن
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیاریدا بە فراوانکردنی سنووری گوندی ناوگردان لە سلێمانی، سەرۆکایەتیی شارەوانیش دەڵێت، چیتر خانووەکانی سنوورەکە بە زیادەڕۆ هەژمار ناکرێن.
گوندەکە دەکەوێتە ناوچەی کانی سپیکە لە ناحیەی تانجەرۆ، لەدوای فراوانکردن رووبەرەکەی دەبێت بە زیاتر لە 157 دۆنم.
پاش ئەوەی ئەنجومەنی ئەمڕۆ سێشەممە 30.7.2024، سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، پارێزگای سلێمانی بە بڕیاری ژمارە 18ـی ساڵی 2023 فراوانکردنی حەرەمی گوندی ناوگردانی کانی سپیکەیان پەسەندکردووە و وەزیری ناوخۆ بە بەیاننامەی ژمارە 10ـی ساڵی 2024 ئەو فراوانکردنەی راستاند.
“حەرەمی گوندی ناوگردان لە نەخشەی کادسترۆدا بە سنووری سەردەمی پێش بەرکاربوونی یاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2012 فراوانکرا و بەهۆی ئەوەشەوە چیدی خانووبەرەی ناو حەرەمی گوندەکە بە زیادەڕەوی دانانرێن و کاری تاپۆکردنیان بۆ دەکرێت”، شارەوانی سلێمانی وا دەڵێت.