50 هۆتێل و مۆتێلی دهۆک داخراون
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
لە کۆی 206 هۆتێل و مۆتێل لە شاری دهۆک، 50یان داخراون. خاوەنەکانیان کەمیی گەشتیار و گرانیی نرخی کارەبا و کرێ و سووتەمەنی بە هۆکاری داخستنەکانی شوێنەکانیان دادەنێن.
موتێل فندی دەکەوێتە ناوەندی شاری دهۆک و لە ئێستادا داخراوە. خاوەنەکەی مەروان یونسە، ئەو بە تۆڕی 964ی راگەیاند: زیاتر لە چوار مانگە دەرگای موتێلەکەیان داخستووە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی گەشتیار و گرانبوونی نرخی کرێی کارەبا و ئاو و سووتەمەنی.
دەشڵێت، لە ساڵێکدا تەنها چوار بۆ پێنج مانگی بەهار و هاوین گەشتیاریان هەیە.
شاری دهۆک یەکێکە لە شارە دڵنشینەکانی هەرێمی کوردستان و سەیرانگا و دیمەنی جوان و شوێنەواری مێژوویی زۆری تێدایە.
ئیحسان عیسا، سەرۆکی کۆمەڵەی هوتێل و موتێل و چێشتخانەکانی دهۆک بۆ تۆڕی 964ـی روون کردەوە؛ لە کۆی 206 هۆتێل و مۆتێل دەرگای 50یان بە رووی گەشتیاردا داخراون.
رۆژی 22ـی تەمووزی ساڵی 2022 گوندی پەرەخی گەشتیاری لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کرایە ئامانج و کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە کە هاوڵاتیی عەرەب بوون.
بە بڕوای ئیحسان عیسا، ئەو هێرشە چوونی گەشتیاری بۆ دهۆک بە رێژەی بەرچاو کەم کردووەتەوە و ئەوەش وای کردووە هۆتێل و مۆتێلەکان بێ گەشتیار بن.