بەرهەمی رۆژانەی 100 تۆنە
کارگەیەک نەوتی رەش بۆ دروستکردنی گەچی سپی بەکاردەهێنێت
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
کارگەکە دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی دوزخورماتوو، لە نزیک شاخەکانە و بەرد و خۆڵی شاخەکانی بۆ دەهێنرێت و لە بێژن دەدرێن و پاشان بەردە نەرم و زبرەکان لە یەکتری جیا دەکرێنەوە.
دواتر بە شۆفڵ بەردە نەرمەکان دەبرێن و تێکەڵ هۆپەرەکە دەکرێت و دەکرێنە گەچ، لە پرۆسەکەدا نەوتی رەش بۆ برژاندنی بە کار دەهێنرێت، دواتر گەچەکەی رەوانەی پارێزگا جیاوازەکانی عێراق و بەتایبەت دیالە، سەڵاحەدین و بەغدای پایتەخت دەکرێن.
خدر خەلیل، سەرپەرشتیار و خاوەنی کارگەکەیە ئەو بە 964ـی وت، “بەرهەمهێنانی ئەم گەچە بە چەند بەشێکدا تێدەپەڕێت، و رۆژانە نزیکەی 100 تۆن گەچ بەرهەم دەهێنن”، گەچەکە لە بەرد و خۆڵی شاخاوی بەرهەم دەهێنرێت، خواستی لەسەری بۆ بیناسازی و سپی کارییە بە زۆری.
دەشڵێت، “پرۆسەکە نەوتی رەشی تیا بەکاردەهێنرێت بۆ پەرەپێدان بە ئاگرەکە و کوڵاندن و پێگەیاندنی گەچەکەیە، مانەوەی گەچ لە کارگەکەدا هەرچەند بێت ئاساییە و زیانی نابێت”.
لە کارگەکەدا نزیکەی پێنج کرێکار کاردەکەن و کارگەش مۆڵەتی بۆ کارەکەی وەرگرتووە، جیاواز لە قەزای خورماتوو، هەرچەندە لە پارێزگا جیاوازەکانی تری عێراقیش چەندین کارگەی تری گەچ لە نزیک ناوچە شاخاوییەکان دانراون، بەڵام بە گوێرەی سۆراغی پەیامنێری 964 لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کارگانە ناتوانن پێداویستییە ناوخۆییەکانی عێراق پڕ بکەنەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا