خانەنشینانی سلێمانی حەسانەوە

+964

فەرمان سادق

دواجار بەڵێنەکە بووە راستی و چاوەڕوان دەکرێت خانەنشینانی سلێمانی موچەی مانگی داهاتوو بە کارتی ئەلیکترۆنی وەرگرن و لە کۆڵ نۆرە گرتن ببنەوە.

شۆخان عومەر بەڕێوبەری بانکی مەڵکەندی دەڵێ: لەمانگی داهاتووەوە مووچەی خانەنشینی شارستانی لەڕێی کارتی ئەلکترۆنییەوە دابەش دەکرێت.

وتیشی “لەقۆناغی دووەمی ئەم پرۆسەیە خانەنشینی سەربازیش دەگرێتەوە و ئەوانیش کارتی ئەلکترۆنییان بۆ دروستدەکرێت، واتە هەموو خانەنشینێکی سلێمانی بەو کارتە مووچە وەردەگرێت”.

ئەو قسانەی شۆخان عومەر، لە بەیاننامەیەکدا بۆ رای گشتی کە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی کانونی دووەم، بانکەکە بڵاوی کردەوەو کۆپی دەست تۆڕی 964 کەوتووە.

بە ئەلکترۆنی کردنی دابەشکردنی موچەی خانەنشینانی شارستانی لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو خانەنشینێک لە نۆرەی وەرگرتنی موچەکەیدا بەهۆی قەرەباڵغی کەوتە ژێر پێیان و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، هاوکات چەند حالەتێکی دیکەش لە هەولێرو سلێمانی لەبەردەم بانکەکان روویاندا.

لە راگەیەندراوەکەی بانکی مەڵکەندی هاتووە گرنگترین سوودەکانی بە ئەلکترحنی کردنەکە ئەوەیە کە پڕۆسەکە خێرا دەکات و سەرەی دوورو درێژ ناهێڵێت.

جگە لەمە رۆتنیات ناهێڵێت و کەسی خانەنشین لە نزیکترین بنکەی دابەشکردن موچەکەی وەردەگرێت، پابەند ناکرێت بەیەک بنکەی دابەشکردن.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە خانەنشینان لە رێگەی نامەی ئەلکترۆنییەوە ئاگادار دەکرێنەوە لەکاتی پێدانی مووچەکانیان.